رووداو دیجیتاڵ لە واشنتن، وەزیری دەرەوەی عێراق، فواد حوسێن، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤان رایگەیاند، حکومەتی عێراق بەرپرسیار دەبێت لە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا گوتی، "ئەمە بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراقیشە کە کوردستان بپارێزێت." رۆژی پێنجشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، لە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن، دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤانی ئەمریکی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە کە تۆڕی میدیایی رووداو یەکێک بوو لە ئامادەبووان. لە کۆبوونەوەکەدا، فواد حوسێن، ئاشکرای کرد کە حکومەتی عێراق پلانێکی نوێی هەیە بۆ تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکان بە سیستمی بەرگریی وڵات و گوتی، "پلانەکە روونە و پڕۆسەیەکە لە ئێستاوە تاوەکو حوزەیرانی ساڵی داهاتوو، لە ماوەی ئەم پڕۆسەیەدا، ئەم گرووپانە چەکەکانیان دادەنێن و تێکەڵ بە هێزەکانی دیکە دەکرێن." وەزیری دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد کە سەردانەکەی بۆ واشنتن بەمەبەستی کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکانی بەرگری، دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی پەیوەندییە سەربازی و دیپلۆماسییەکان و کاریگەریی سزاکانی سەر ئێران. سەبارەت بە سزاکان، فواد حوسێن گوتی، "بە نیازین ئەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئێرە تاوتوێ بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین رێگەچارەیەک بدۆزینەوە، دەنا کێشەیەکی گەورە دروست دەکات، چونکە لە کۆتاییدا ئەمە پەیوەندی بە ئایینەوە هەیە نەک سیاسەت." کاتێک رووداو پرسیاری لەبارەی بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لێکرد، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، "ئەوە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراقدا دەبێت، بێگومان، هێزەکانی پێشمەرگەش کوردستانی عێراق دەپارێزن، بەڵام کاتێک هێرش بکرێتە سەر هەر بەشێکی عێراق، ئەوە بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراقە کە رێگری لێ بکات." بڕیارە فواد حوسێن چەند رۆژێکی دیکە لە واشنتن بمێنێتەوە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا بکات.
جیهان02-10-2026کۆریای باشوور هۆشداری دەداتە ئۆکراینا: ئەگەر داوای لێبووردن نەکەن رێکاری تووندتر دەگرینەبەر