رووداو دیجیتاڵ
لەم دواییانەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی زۆر تووندی دا و گوتی: "ئەگەر ئێران من بکوژێت، فەرمانم بە سوپای ئەمریکا کردووە کە بەشێوەیەک لە ئێران بدەن کە پێشتر لە مێژوودا نەبینرابێت". گوتیشی، هەزاران مووشەک ئامادەن و روویان کراوەتە ئێران، ئەگەر هەوڵی کوشتنی بدەن.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا لە ئەمریکا شتێکی وا هەیە کە بێ بڕیاری سەرۆکی نوێ، سوپا لەخۆیەوە هێرش بکات؟ لێرەدا بە سادەیی روونیدەکەینەوە.
ئایا بڕیاری خۆکارانەی شەڕ هەیە؟
لە سیستمی ئەمریکادا شتێک نییە بە ناوی "دوگمەی پیاوی مردوو" (Dead man's switch). واتە کاتێک سەرۆک دەمرێت، نابێت سوپا راستەوخۆ و بەشێوەیەکی خۆکارانە فەرمانەکانی پێشووی جێبەجێ بکات و بچێتە شەڕەوە. گاریت گراف، کە نووسەرێکی شارەزایە لە پلانە نهێنییەکانی حکومەتی ئەمریکا، دەڵێت: "ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ چەندین هۆکار، هەرگیز سیستەمێکی ئۆتۆماتیکیی لەو شێوەیەی بەکارنەهێناوە."
ئەگەر ترەمپ بکوژرێت کێ بڕیار دەدات؟
بەپێی دەستووری ئەمریکا و یاسای جێنشینیی ساڵی 1947، ئەگەر سەرۆک بکوژرێت، دەستبەجێ و لە هەمان چرکەدا جێگرەکەی (کە ئێستا جەی دی ڤانسە) دەبێتە سەرۆک و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
واتە تەنیا ڤانس دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بڕیاری شەڕ یان لێدانی ئێران بدات. رەنگە ڤانس هەمان فەرمانەکەی ترەمپ جێبەجێ بکات، بەڵام دەشتوانێت جێبەجێی نەکات و رێگەیەکی دیکە بۆ وەڵامدانەوە هەڵبژێرێت.
بۆچی ترەمپ ئەم هەڕەشەیەی کردووە؟
ئەم هەڕەشەیەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە لە کاتی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، بەشداربووان وێنەی ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان بەرزکردبووەوە و داوای کوشتنیان دەکرد. دواتریش موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد. لە لایەکی دیکەشەوە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ باسی لەوە کرد، گوایە ئیسرائیل زانیاریی داوەتە ئەمریکا لەسەر پلانی نوێی ئێران بۆ کوشتنی ترەمپ.
ئایا ئەم فەرمانەی ترەمپ نایاساییە؟
گاریت گراف پێیوایە ئەگەر ترەمپ بەڕاستی فەرمانێکی لەو شێوەیەی لەنێو سوپادا جێهێشتبێت، ئەوا "لەلایەنی یاساییەوە زۆر جێگەی گومانە"، چونکە کاتێک سەرۆک دەمرێت، دەسەڵات راستەوخۆ دەچێتە لای جێگرەکەی و ئەو بڕیاردەر دەبێت. بەڵام گراف دەڵێت: "ئەگەر ترەمپ بە ڤانسی گوتبێت؛ ئەگەر منیان کوشت، تۆ لە ئێرانیان بدە، ئەوەیان زۆر لۆژیکیترە و بەتەواوی یاساییشە."
ترەمپ لە ترسی تیرۆرکردن فڕۆکەشی گۆڕیوە!
مەترسییەکانی سەر ژیانی ترەمپ زۆرن؛ تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکانی 2024ـدا دوو جار هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە، مانگی نیسانیش چەکدارێک هێرشی کردە سەر ئەو ئاهەنگەی ترەمپی تێدابوو.
ترسی ترەمپ لە ئێران گەیشتووەتە ئاستێک، کە لە کاتی گەڕانەوەی لە لووتکەی ناتۆ لە تورکیا، ئامادەنەبوو سواری فڕۆکە نوێیەکەی سەرۆکایەتی ببێت و بە فڕۆکە کۆنەکەی گەڕایەوە، چونکە دیارییە قەتەرییەکە هەندێک لە سیستمەکانی دژە مووشەک و راداری تێدا نییە کە لە فڕۆکە کۆنەکەدا هەن.

.png&w=3840&q=75)
.webp&w=3840&q=75)
