رووداو دیجیتاڵ
موراد چیچەک، هونەرمەند، سیناریست و ئەکتەری کوردی باکووری کوردستان کە نیشتەجێی ژاپۆن بوو، لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتەدا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا؛ ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە دەستبەسەر کرابوو.
بەگوێرەی زانیاریی خێزانەکەی، چیچەک لە 25ـی حوزەیرانی رابردوو بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ کە زیانی مادیی لێکەوتبووەوە، دەستبەسەر کرابوو و لە 3ـی تەممووزدا لەناو بنکەی پۆلیس گیانی لەدەستدا. بەڵام پۆلیسی ژاپۆن دوای پێنج رۆژ لە رووداوەکە خێزانەکەیان ئاگادار کردووەتەوە و تاوەکو ئێستاش هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بە نادیاری ماوەتەوە.
چیچەک لە ساڵی 2019ـەوە لە شاری کاواگوچی دەژیا، کە زۆربەی کۆچبەرە کوردەکانی ئەو وڵاتەی لێ نیشتەجێیە. دوای رووداوی هاتووچۆکە، گواسترابووەوە بۆ بنکەی پۆلیسی تاکاوۆ لە ناوچەی هاچیۆجی. کەسوکارەکەی دەڵێن، لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا مۆبایلەکەی لێ سەندراوە و رێگەی پێنەدراوە هیچ کەسێک ببینێت، تەنانەت رێگری لە بینینی پارێزەرەکەشی کراوە.
گومانی ئەشکەنجەدان
هاوڕێ کورد و ژاپۆنییەکانی چیچەک، سێ جار سەردانی بنکەی پۆلیسیان کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری، بەڵام پۆلیس تەنیا پێی گوتوون لە زیندانە. دواجار رۆژی 8ـی تەممووز، بەرپرسێکی کۆنسووڵخانەی تورکیا لە ژاپۆن پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کردووە (کە لە ئەڵمانیا دەژین) و هەواڵی کۆچی دوایی مورادی پێداون.
خێزانەکەی چیچەک، رۆژی 10ـی تەممووز گەیشتوونەتە ژاپۆن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنەوەی تەرمەکە و بەدواداچوونی یاسایی.
ئەوان داوای روونکردنەوەی ورد دەکەن لەبارەی بارودۆخی گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان و دەپرسن بۆچی بۆ ماوەی چەندین رۆژ هەواڵەکە شاردراوەتەوە؟ خێزانەکەی گومانی ئەوە دەکەن کە موراد لەناو بنکەی پۆلیسدا رووبەڕووی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجە بووبێتەوە.
کەسوکارەکەی بە میدیای تورکیایان گوتووە، موراد چیچەک پلانی هەبووە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە شاری جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان. تەنانەت بەر لە دەستبەسەرکردنی بە دوایین کەسی گوتووە: "داوایان لێدەکەم راستەوخۆ بمنێرنەوە بۆ تورکیا."
موراد چیچەک، لە ژاپۆن سەرەڕای کارکردن لە بوارە جیاوازەکاندا، بەردەوام بوو لە خولیای خۆی بۆ سینەما.
پار رۆڵێکی سەرەکی لە فیلمێکی سینەماییدا بینی بە ناوی (!Minna, Oshaberi) کە باس لە هەوڵەکانی پەیوەندیی نێوان کەسێکی ژاپۆنی و کوردێکی (نابیست) دەکات؛ فیلمەکە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆکیۆدا نمایش کرا.
چیچەک پێشتریش لە تورکیا لە چەندین پڕۆژەی هونەریدا رۆڵی هەبووە و وەک ئەکتەر و سیناریست لە ناوەندی کولتووریی بێشیکتاش (BKM) کاری کردووە.


