رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە پرۆسەی کشاندنەوەی هێزەکانی لە عێراق تاوەکو 30ی ئەیلوول، "کە ئەمەش هاوتا و گونجاوە لەگەڵ ئەو خشتەی کاتییەی کە پێشتر راگەیەندراوە و بە هاوبەشی دیاری کراوە بۆ کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند: "ئەم گۆڕانکارییە گوزارشت لە بەرزبوونەوەی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەوانەش پێشمەرگەی کوردستان، دەکات و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان پەڕەیەکی گرنگیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانماندا هەڵداوەتەوە."
30ی ئەیلوول دوا کاتی کشانەوەی هاوپەیمانانە لە بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمەش دوای 12 ساڵ لە مەشقپێکردن بە هێزە ئەمنییەکان و بەشداریکردن لە شەڕی داعش لە عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، "هاوبەشییە سەرکەوتووەکەمان لەگەڵ عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو توانای داعشـی کەم کردەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە عێراق و سووریا و بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی لە ناوچەکە و جیهان.
هاوکات، دەشڵێت: "ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەندە بە بنیاتنانی هاوبەشییەکی ئابووری و ئەمنیی بەهێز و پڕسوود لەگەڵ حکومەتی عێراق."
رۆژی 28ی ئەیلوولی 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو وردەکاریی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی فەرمیی داخستنی بارەگای هاوپەیمانان و بەستنی "کۆنفرانسی سەروەری" ئاشکرا کرد.
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکان لە هەرێمی کوردستان، سەباح نوعمان گوتی: "ئەمریکا و هاوپەیمانان ئێستا لە قۆناخی کشانەوەدان. هاوپەیمانان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە هەولێر دەکشێنەوە."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وادەی کۆتاییهاتنی کشانەوەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "ئەم کشانەوەیە رۆژی 30ـی ئەیلوول تەواو دەبێت. رێوڕەسمێکی گەورەش لە بەغدا بە بۆنەی کۆتاییهاتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بەڕێوەدەچێت."
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بەوەی ئایا کشانەوەکە سەرجەم هێزەکان لە هەولێریش دەگرێتەوە، سەباح نوعمان دەڵێ: "کشانەوەکە تەواوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە و دوای 30ـی ئەیلوول یەک سەربازی بیانی لە هیچ شوێنێکی عێراق نامێنێتەوە."
لەبارەی رێوڕەسمی راگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە بەغدا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە رێوڕەسمەکە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەبێت و گوتی: "رێوڕەسمەکە لە نووسینگەی فەرماندەی گشتی دەبێت، ئەوەش بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرک و داخستنی فەرمیی بارەگای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی."
سەباح نوعمان گوتی: "کۆنفرانسێکی سەروەری" دوای ئاهەنگەکە بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکرێ و راشیگەیاند: "کۆنفرانسێکی گەورەیە بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکە یان وەرگرتنەوەی تەواوەتیی سەروەری. کۆنفرانسەکە رۆژی 1ـی تشرینی یەکەم دەبێت و بانگهێشتی فەرمی بۆ سەرجەم سەرکردە و هێزە سیاسییەکانی عێراق دەنێردرێ."


