رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی میوانداریی گەورە بەرپرسان و سەرکردەکانی بواری تەکنەلۆژیای کرد و رایگەیاند، کۆک بوون لەسەر ئەوەی پیشەسازییەکە پشت بە "خۆڕێکخستن" ببەستێت لەبری رێسای تووندی حکومی. هەروەها بڕیاریدا بە فەرمی ناوی (ژیریی دەستکرد) بۆ (ژیریی باڵا) بگۆڕێت.
رۆژی سێشەممە 29ـی ئەیلوولی 2026 [چوارشەممە بەکاتی هەولێر]، ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شارەزایانی تەکنەلۆژیا گوتی: "کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدار و دۆستانەمان هەبوو، ئەمانە بلیمەتترین کەسانی جیهانن." سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە وڵاتەکەی لەم پیشەسازییە سەرسوڕهێنەرەدا پێشەنگە کە رەنگە لە "شۆڕشی پیشەسازی گەورەتر بێت،" وەک خۆی دەڵێ، ئەو پێشەنگییە دەپارێزن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دانانی یاسا بۆ ئەو بوارە، ترەمپ رایگەیاند، بەڵگەنامەیەک واژۆ دەکات بۆ گۆڕینی ناوی ژیریی دەستکرد (AI) بۆ ژیریی باڵا (Super Intelligence)، چونکە وەکو خۆی ئاماژەی پێدا، ئەو تەکنەلۆژیایە "دەستکرد نییە". سەبارەت بە رێکخستنیش گوتی، بڕوایەک هەیە کە دەبێت "خۆڕێکخستنێکی زۆر" هەبێت، هاوکات لەگەڵ ئەو رێکارانەی لەلایەن وەزارەتی داد و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)ـەوە جێبەجێ دەکرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ تیشکی خستە سەر دروستکردنی ناوەندەکانی داتا و رایگەیاند، کۆمپانیاکان کار بۆ رازیكردنی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان دەکەن لە رێگەی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی دارایی و کەمکردنەوەی تێچووی وزە. ترەمپ پێی وایە ئەو ناوەندانە ناوچەکان دەوڵەمەند دەکەن و باج کەم دەکەنەوە، هۆشداریشی دا کە ئەگەر دژایەتی بکرێن، ئەوا کۆمپانیاکان ناچار دەبن ناوەندەکانیان ببەنە دەرەوەی وڵات.
متمانە و گەشبینییەکەی ترەمپ بە پێچەوانەی ئەو هۆشدارییانەیە کە لەم رۆژانەی دواییدا لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکردەوە دراون. سەرەتای ئەم مانگە، داریۆ ئەمۆدێی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەنترۆپیک (Anthropic) کە خاوەنی مۆدێلی ژیریی دەستکردی (کلۆد)ـە، داوای کرد پەرەپێدانی ئەو تەکنەلۆژیایە خاو بکرێتەوە. هەروەها رۆژی هەینی رابردوو کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (OpenAI) رایگەیاند، راهێنانی نوێترین مۆدێلی خۆی رادەگرێت، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی چەندین راپۆرت سەبارەت بە لە دەست دەرچوونی چەند مۆدێلێکی چات جی پی تی.

