رووداو دیجیتاڵ بەهۆی گەڕانەوەی سزاکانی ئەمریکا و گرانیی نرخەکەی، ملیۆنان بەرمیل نەوتی ئێران لەسەر ئاوەکان بێ کڕیار ماونەتەوە. پاڵاوگە چینییەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان، روویان لە کڕینی نەوتی هەرزانتری عێراق، ئیمارات و قەتەر کردووە. بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە پشتی بە زانیاریی بازرگانانی نەوت بەستووە، پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین لە ناوچەی شاندۆنگ، لە چەند هەفتەی رابردوودا بڕێکی پێوانەیی نەوتیان لە وڵاتانی عێراق، قەتەر و ئیمارات کڕیوە، کە بڕەکەی لە نێوان 16 بۆ 20.5 ملیۆن بەرمیلدایە؛ ئەمەش بە گەورەترین بڕی کڕینی نەوتی ئەو وڵاتانە لەلایەن چینەوە دادەنرێت لەوەتەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستیپێکردووە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ساردبوونەوەی چین لە نەوتی ئێران، گرانیی نرخەکەیەتی. بازرگانان دەڵێن تاران لە دابەزاندنی نرخەکاندا "سست و کەلـلەڕەقە"؛ لە کاتێکدا وڵاتانی کەنداو و عێراق نەوتەکەیان بە داشکاندنی 5 بۆ 8 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەفرۆشن، ئێران ئامادە نییە زیاتر لە 2 بۆ 3 دۆلار داشکاندن بکات. هەر بەو هۆیەوە تەنیا پاڵاوگەی (شێنگهۆنگ)ـی چینی، 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە عێراق، سعوودیە و ئیمارات کڕیوە. گەڕانەوەی سزاکانی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رێبەری پێشووی ئێران، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر کەمبوونەوەی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە هەبووە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە هاوردەی نەوتی ئێران بۆ چین لەم مانگەدا بۆ 556,000 بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە، کە ئەمە نزمترین ئاستە لە کانوونی دووەمی 2023ـەوە تۆمار کرابێت. تاران لە ترسی دەستپێکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا، تەنیا لە شەوێکدا 10 ملیۆن بەرمیل نەوت و سووتەمەنی رەوانەی دەرەوە کردووە بەو هیوایەی کڕیاری بۆ بدۆزێتەوە. ئێستا 52 کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی کە 62 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانیان هەڵگرتووە، لەسەر ئاوەکانن؛ بەشێکیان گەیشتوونەتە نزیک سەنگاپوور و مالیزیا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کڕیارێکیان دەستنەکەوتووە. جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28-02-2026 دەستیپێکرد و بووە هۆی داخرانی تەنگەی هورمز. هەرچەندە لە 14ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەردوولا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی کاتی بۆ ئاگربەست، بەڵام ململانێکان لەسەر رێڕەوە ئاوییەکان بەردەوامن. ئەم نادڵنیاییە وایکردووە کڕیارە گەورەکانی وەک چین بەدوای سەرچاوەی جێگیرتر و هەرزانتردا بگەڕێن بۆ ئەوەی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ، تووشی تەنگژەی وزە نەبن.