رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ نائومێدیی خۆی لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نیشان دەدات و مۆڵەتێکی کورت دەداتە تاران؛ بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دەبێت تاران تاوەکو کۆتایی ئەمڕۆ شەممە بە فەرمی کردنەوەی تەنگەی هورمز رابگەیێنێت، ئەگەرنا رووبەڕووی لێکەوتەی سەربازیی تووند دەبێتەوە.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتنەوە بڵاویکردەوە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دۆناڵد ترەمپ کە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە، پێناچێت لە رێگەی گفتوگۆوە بەدی بێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رەخنەی تووندی لە تاران گرت و گوتی، "ئەوان هەموو رۆژێک ئاگربەست پێشێل دەکەن، درۆ دەکەن و خەڵک دەکوژن."
بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیرانی رابردوو، بڕیار وابوو ئێران ئاسایشی کەشتییە بازرگانییەکان بپارێزێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن هێرشەکان بەردەوامن. ئەوان پێیانوایە ئەگەر تاران نەتوانێت پابەندی ئەم لێکتێگەیشتنە سادەیە بێت بۆ پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان، "ئومێدێکی کەم هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی ئاڵۆزی ئەتۆمی."
هاوکات لەگەڵ ئەم گوشارە سیاسییانە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی هەینی زنجیرەیەک سزای نوێی بەسەر بازرگانێکی ئێرانی بە ناوی (عەلی ئەنساری) و کۆمپانیاکانی سەر بەودا سەپاند. هەروەها واشنتن هەموو ئەو ئاسانکارییانەی هەڵوەشاندەوە کە رێگەیان بە ئێران دەدا نەوتەکەی بفرۆشێت و داهاتەکەی بە دراوی دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران کە لە 28-02-2026ـەوە دەستیپێکردووە، بووە هۆی داخرانی تەنگەی هورمز، کە رێڕەوی نزیکەی 20٪ـی نەوت و گازی جیهانە. بەهۆی بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی چەند هێرشێکی ئاسمانیی تووندی دا. نائومێدبوونی واشنتن لە پرۆسەی سیاسی، ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕێکی گشتگیری لە ناوچەکەدا بۆ بەرزترین ئاست هێناوە.


.jpg&w=3840&q=75)
