رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر عەلی ئەنساری، بازرگانێکی ئێرانی و تۆڕێکدا سەپاند کە تۆمەتبار دەکرێت بە سپیکردنەوەی پارە. وەزارەتەکە دەڵێت، ئەنساری کار بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای پاسداران دەکات.
رۆژی هەینی 10ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، عەلی ئەنساری سیستمێکی رێکخراوی بۆ سوودوەرگرتن لە سامانی گشتیی ئێران دامەزراندووە و ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەرخانکراوە، بەرەو هەژمارە بانکییەکانی خۆی، نووسینگەی رێبەر و سوپای پاسداران دەبات.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند: "وەزارەتی گەنجینە بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکانی بۆ دابڕینی رێبەر و دەستەبژێری دەسەڵات لە سیستمی دارایی جیهانی. ئێمە ئەم سامانە بۆ گەلی ئێران دەپارێزین."
عەلی ئەنساری هاووڵاتییەکی ئێرانیی دانیشتووی دوبەی و خاوەنی پێشووی بانکی (ئایەندە)یە.
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی گەنجینە، ئەنساری لە رێگەی بانکی ئایەندەوە بڕێکی یەکجار زۆر قەرزی بە پاڵپشتیی بانکی ناوەندیی ئێران داوەتە کۆمپانیاکانی خۆی، کە بووەتەهۆی دروستکردنی قەرزی ملیار دۆلاری و بەرزکردنەوەی رێژەی هەڵئاوسان لە ئێران.
ئەنساری لە رێگەی کۆمپانیای (Smart Global Limited) کە بنکەکەی لە دوورگەکانی سانت کیتس و نێڤیسە، ملیۆنان دۆلار لە سامانی ئێرانی لە کەرتی خانووبەرە و بازرگانیی ئەڵمانیا، لوکسمبۆرگ، ئیسپانیا، بەریتانیا، قوبرس و ئیمارات وەبەرهێناوە. هەرچەندە ئەم موڵکانە بە ناوی ئەنسارییەوەن، بەڵام بە گوێرەی وەزارەتەکە، سوودمەندانی کۆتایی موجتەبا خامنەیی و خێزانەکەی و فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانن.
تێکشکاندنی (بانکی سێبەر) و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو
بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هەڵمەتەکەی ئەمریکا سێ نووسینگەی سەرەکیی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی کردووەتە ئامانج کە ساڵانە ملیاران دۆلار بۆ بانکە سزادراوەکانی ئێران دەگوازنەوە:
نووسینگەی محەممەد دەربانی و هاوبەشەکانی: محەممەد دەربانی، شکوفە رۆستەم ئابادی و زەهرا سەرشاری بەرپرسی ئەم تۆڕەن کە سەدان ملیۆن دۆلاریان بۆ بانکە سزادراوەکانی ئێران سپیکردووەتەوە.
نووسینگەی لواسانی و هاوبەشەکانی: ئەحمەد نەوایی لواسانی و ئەمیر نەوایی لواسانی گرێبەستیان لەگەڵ چەندین بانکی سزادراوی وەک بانکی میللی، سادرات، سینا، شەهر، ئیقتیساد نەوین، پاسارگاد و میللەت هەبووە و تاوەکو سەرەتای 2026 سەدان ملیۆن دۆلاریان بۆ گواستوونەتەوە.
نووسینگەی موحسین خەندان و هاوبەشەکانی: موحسین خەندان و عەلی ئەسغەر خەندان زیاتر لە 117 ملیۆن دۆلاریان بۆ بانکەکانی پارسیان، سپە، سەمان و تیجارەت حەشارداوە.
هەروەها دوو کۆمپانیا بە ناوەکانی (CDM Trading Limited) لە هۆنگ کۆنگ و (Naba Alzaki Raw Materials Trading) لە ئیمارات سزایان بەسەردا سەپێندرا کە وەک بەشێک لە تۆڕی دارایی رێبەری ئێران بۆ شاردنەوەی مامەڵە نایاساییەکان بەکارهێنراون.
بەپێی ئەم بڕیارە، هەموو سامان و داراییەکانی ئەم کەس و کۆمپانیایانە لەنێو ئەمریکا یان لەژێر کۆنترۆڵی کەسانی ئەمریکیدا بلۆک دەکرێن. هەروەها هەر دامەزراوەیەکی دارایی بیانی کە بە ئاگایانە مامەڵە لەگەڵ ئەم سزادراوانەدا بکات، رووبەڕووی سزای توند و بێبەشبوون لە سیستمی دارایی ئەمریکا دەبێتەوە.
وەزارەتی گەنجینە جەختی کردەوە کە ئامانجی کۆتایی ئەم سزایانە تەنیا سزادان نییە، "بەڵکو ناچارکردنی لایەنەکانە بۆ گۆڕینی رەفتارە نایاساییەکانیان و پاراستنی سامانی گشتی لە دزی و تاڵانکاریی دەستەبژێری دەسەڵات لە ئێران."



