رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی تورکیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیستەنبووڵ دەستیان بەسەر فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری سەر بە هێڵی ئاسمانیی (قەزوین ئێیەرلاینز)ـی ئێراندا گرت، ئەمەش بەهۆی قەرزێکی کەڵەکەبووی سێ ملیۆن یۆرۆییەوە (نزیکەی 3.4 ملیۆن دۆلار) کە تایبەت بووە بە خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانە.
رۆژی سێشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی ئەنادۆڵۆی تورکیا بڵاویکردەوە کە رووداوەکە رۆژی دووشەممە روویداوە، کاتێک فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکە، کە لە جۆری بۆینگ 737ـە، سەرنشینەکانی سەرکەوتبوون و لەسەر هێڵی فڕین چاوەڕێی بەڕێکەوتن بوو، بەڵام بەرپرسانی فڕۆکەخانە لەسەر بنەمای فەرمانی دادگە دەستیان بەسەر فڕۆکەکەدا گرت و سەرنشینەکانیان ناچار کرد داببەزن.
دەستبەسەرداگرتن لەسەر بڕیاری دادگە
دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو رێکارە یاساییە لەسەر بنەمای بڕیاری دادگە بووە و پەیوەندی بە "ململانێیەکی بازرگانی"یەوە هەیە، بەڵام رەتیانکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر وردەکاریی بڕی قەرزەکە بدەن.
لە بەرامبەردا، هێڵی ئاسمانیی (قەزوین ئێیەرلاینز) لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە فڕۆکەکە بەهۆی "کێشەیەکی کارگێڕیی کاتی لە تورکیا رووبەڕووی سنووردارکردن بووەتەوە."
کۆمپانیا ئێرانییەکە گوتی، هەنگاوی کارگێڕیی پێویستیان بۆ یەکلاییکردنەوەی قەرزەکە ناوە کە تایبەت بووە بە "تێچووی خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ" و چاوەڕوان دەکرێ فڕۆکەکە بگەڕێتەوە بۆ ئێران.
هەڵوێستی ئەنقەرە بەرامبەر سزاکانی واشنتن
میدیاکانی تورکیا و ئێران جەختیان لەوە کردوەتەوە کە ئەم کێشەیە تەنیا ململانێیەکی بازرگانی بووە و هیچ پەیوەندییەکی بەو سزایانەوە نییە کە ئەمریکا بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا سەپاندوونی.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رۆژی 24ـی ئەم مانگە هۆشداری دایە وڵاتان کە خزمەتگوزاری پێشکێش بە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران نەکەن و بە پێچەوانەوە، لە سیستمی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێن، بەڵام هێشتا چەندین هێڵی ئێرانی، لەوانەش هێڵی ئاسمانیی نیشتمانی (ئێران ئێیەر) بەردەوامن لە ئەنجامدانی گەشتی ئاسایی لە نێوان هەردوو وڵات، هەرچەندە پێشتر هێڵی (ماهان ئێیەر) لەسەر داوای تورکیا گەشتەکانی بۆ ئەو وڵاتە هەڵپەساردبوو.


