رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) هۆشداری دەدات، بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی بودجەوە، پاراستن و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەرەو داڕمان دەچێت و بەو هۆیەوە نزیکەی 8.3 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە مەترسیی لەدەستدانی هاوکارییە سەرەکییەکانیان لەسەرە.
ئاژانسەکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بودجەی بەردەستیان لە 5.2 ملیار دۆلارەوە لە ساڵی 2024 دابەزیوە بۆ 3.9 ملیار دۆلار لە ساڵی 2025. بۆ ئەم ساڵیش ئاژانسەکە پێویستی بە 8.5 ملیار دۆلارە بۆ پاراستنی پەنابەران، بەڵام تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووز تەنیا 32٪ی ئەو بڕەی (کە دەکاتە 2.7 ملیار دۆلار) پێگەیشتووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەردەوامیی کەمبوونەوەی بودجە، پرۆسەی پاڵپشتی و پاراستنی پەنابەران لە گەورەترین ناوچەکانی ئاوارەبوون لە جیهاندا بەرەو خاڵی داڕمان دەبات و ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، رەنگە نزیکەی 8.3 ملیۆن کەس هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدەستبدەن.
دۆمینیک هاید، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئاژانسی پەنابەران دەڵێ: "ناکرێت بۆ هەمیشە خزمەتگوزارییەکانی پاراستن کەمبکرێنەوە بەبێ ئەوەی سیستمەکە دابڕمێت. لە خوار ئاستێکی دیاریکراوەوە، خزمەتگوزارییەکان تەنیا بۆ خەڵکێکی کەمتر ناچن، بەڵکو بەتەواوی لەکار دەکەون و ئەوانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە بێ پاراستن دەمێننەوە."
کەمبوونەوەی بودجەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر چەندین وڵات دروستکردووە:
عێراق: نزیکەی 350 هەزار پەنابەر و داواکاری مافی پەنابەری، مەترسیی لەدەستدانی هەلی بەشداریکردنی ئابوورییان لەسەرە.
سووریا: 162 هەزار و 500 ئاوارە و پەنابەری گەڕاوە بێبەش دەبن لە هاوکارییە داراییە سەرەتاییەکان بۆ بنیادنانەوەی ژیانیان، ئەگەر بەپەلە پارە دابین نەکرێت.
چاد: 319 هەزار پەنابەر رووبەڕووی دواکەوتنی تۆمارکردن دەبنەوە، هەروەها 233 هەزار منداڵیش خزمەتگوزارییەکانی پاراستن لەدەستدەدەن.
ئەسیوپیا: خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی منداڵان لە هەندێک ناوچە 85٪ کەمیکردووە.
سوودان: دەیان هەزار رزگاربووی تووندوتیژیی سێکسی بێبەش دەبن لە خزمەتگوزارییە گرنگەکان.
لە پاڵ کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەکان، ئاژانسەکە لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 5 هەزار کارمەندی لەدەستداوە کە دەکاتە زیاتر لە چارەکێکی کۆی هێزی کاری رێکخراوەکە. ئەم کەمبوونەوەیەش بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا، کە وەک گەورەترین بەخشەری مێژوویی ئاژانسەکە هەژمار دەکرێت، لەگەڵ کەمبوونەوەی بەخشینی وڵاتانی دیکە.
لە کۆتایی ساڵی 2025ـدا نزیکەی 117.8 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئاوارە بوون، لەو ژمارەیە 35.6 ملیۆن کەسیان وەکو پەنابەر لەژێر چاودێریی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندان و بەشی زۆریشیان خەڵکی وڵاتانی ڤەنزوێلا، ئۆکراینا، سووریا، ئەفغانستان و سوودانن.



