رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا رایگەیاند، کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادار کردووەتەوە لە بڕیاری سڕینەوەی ناوی سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر؛ راشیگەیاند، کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئامادەن بۆ وەبەرهێنان لەو وڵاتەدا.
رۆژی چوارشەممە، 8 تەممووزی 2026، میدیای فەرمی سووریا دەقی نامەیەکی دۆناڵد ترەمپی بڵاوکردەوە کە ئاراستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای کردووە. ترەمپ لە نامەکەدا نووسیویەتی: "ئەمڕۆ کۆنگرێسم ئاگادار کردەوە لە بڕیارەکەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی پۆلێنکردنی سووریا وەک دەوڵەتێکی سپۆنسەری تیرۆر. بەگوێرەی یاسا، کۆنگرێس بۆ ماوەی 45 رۆژ پێداچوونەوە بەم بڕیارەدا دەکات تاوەکو بە تەواوی کۆتایی پێ بهێنرێت و ببێتە بڕیارێکی تەواو."
سەرۆکی ئەمریکا لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەڵێنی دابوو هەموو ئەو کۆسپانە لابدات کە رێگرن لە ئاوەدانکردنەوەی سووریا و گوتی: "بەم نزیکانە دەتوانن وڵاتەکەتان ئاوەدان بکەنەوە. کۆمپانیا ئەمریکییەکانمان ئامادەن وەبەرهێنان لە سووریا بکەن و یارمەتیدەر بن تاوەکو وڵاتەکەتان لە جاران گەشاوەتر بێت."
دوای بڵاوکردنەوەی نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکەی کرد و لە ئێکس نووسی، "لەژێر رێنماییەکانی جەنابی سەرۆک ئەحمەد شەڕع، لاپەڕەیەکی تاریکمان لە مێژووی سووریادا داخست بە هەڵگرتنی ئەو پۆلێنکردنەی کە بەهۆی سیاسەتەکانی رژێمی لەناوچووی ساڵی 1979 بەسەریدا سەپێنرابوو".
مارکۆ رۆبیۆ: بڕیارەکە لاپەڕەیەکی نوێیە بۆ گەلی سووریا
پێش ئەم نامەیە، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لابردنی سزاکانی سەر سووریا بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی چالاک دەکات و لاپەڕەیەکی نوێ بۆ گەلی سووریا دەکاتەوە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ ترەمپ لە تورکیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە و لەوێ رایگەیاند کە شەرع "کارێکی گەورەی کردووە" و لەلایەن هەمووانەوە رێزی لێدەگیرێت.
وەرچەرخانێکی مێژوویی و ئابووری
لابردنی سووریا لە لیستی تیرۆر، کە بۆ چەندین دەیە بوو واشنتن وەک سپۆنسەری تیرۆر سەیری دەکرد، وەرچەرخانێکی گەورەیە. ئەم بڕیارە کۆتایی بە گۆشەگیریی دارایی دیمەشق دەهێنێت و رێگە بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان خۆش دەکات روو لەو وڵاتە بکەن.
بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، سعودیە و وڵاتانی کەنداویش بەڵێنی هاوکاری و وەبەرهێنانی ملیار دۆلارییان داوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا زۆربەی سزاکانی پێشووی، لە نێویاندا "یاسای قەیسەر" هەڵوەشاندووەتەوە، هەرچەندە واشنتن جەخت دەکاتەوە کە سزا تەنیا لەسەر بەشار ئەسەد و هاوکارەکانی و ئەوانەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤیان کردووە، بەردەوام دەبێت.


.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)