رووداو دیجیتاڵ رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی (IMO) هۆشداری دەدات لە دۆخی نزیکەی شەش هەزار دەریاوان، کە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لەنێو کەشتییەکانیاندا لە کەنداو گیریان خواردووە؛ داواش دەکرێت بە زووترین کات دۆخەکە هێور بکرێتەوە. رۆژی چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، ئارسینیۆ دۆمینگێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی دەریاوانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا داوای "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن"ی کرد و گوتی: "ئەم هێرشانە ترس و دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونیی ئەو شەش هەزار دەریاوانە قووڵتر دەکەنەوە کە ناتوانن بە سەلامەتی کەنداوی فارس جێبهێڵن." ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران کۆتاییهاتووە، ئەوەش دوای زنجیرەیەک هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز. تەنگەی هورمز وەک خاڵی سەرەکیی جەنگەکە ماوەتەوە کە لە کۆتایی مانگی شوباتەوە دەستیپێکردووە. تاران هەڕەشەی کردووە هەر کەشتییەک لە رێڕەوە دیاریکراوەکانی ئەو لابدات، دەیکاتە ئامانج. تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا سێ کەشتی لەو ناوچەیە کراونەتە ئامانج، ئەوەش وایکرد ئەمریکا رۆژی سێشەممە هێرشی بەرفراوان بکاتە سەر ئامانجە ئێرانییەکان. دۆمینگێز سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و رایگەیاند، "دەریاوانە بێتاوانەکان" لە مەترسییەکی گەورەدان. داواشی لە هەموو ئەو دەوڵەتانە کرد کە پەیوەندیدارن بە دۆخەکەوە، رێگەی سەلامەت بۆ ئەو کەشتییانە بکەنەوە کە لە سەرەتای قەیرانەکەوە گیریان خواردووە. سکرتێری گشتیی رێکخراوی دەریاوانی جەختی کردەوە: "دەبێت سەلامەتیی دەریاوانەکان لە پێشینەی هەموو کارەکانمان بێت." بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەستپێکی جەنگەکە لە مانگی شوباتدا، نزیکەی 30 هەزار دەریاوان لە ناوچەی کەنداو گیریان خواردبوو، کە ئێستا 6 هەزاریان هێشتا لەناو کەشتییەکاندا ماونەتەوە.
جیهان08-07-2026کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: خەڵاتکردنی نێچیرڤان بارزانی بەڵگەیە لەسەر سیاسەتی ناوازەی هەرێمی کوردستان