رووداو دیجیتاڵ کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئەگەر هاوکاریی ئەو ملیۆنان ئەفغانییە نەکەن، کە لە ئێران و پاکستانەوە گەڕاونەتەوە، جیهان رووبەڕووی مەترسیی توندڕەوی و هەڕەشەی ئەمنی دەبێتەوە. رۆژی چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کابول رایگەیاند: "لەگەڵ ئەم شەپۆلە گەورەیەی گەڕانەوەی هاووڵاتییانی ئەفغانی لە پاکستان و ئێرانەوە، سەدان هەزار گەنجی بێکارمان هەیە. دەبێت هاوکاریی ئەم خەڵکە بکرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگەکانیان و کاریان دەستبکەوێت تاوەکو پشت بە خۆیان ببەستن." بەرهەم ساڵح هۆشداریی دا کە جێگرەوەی نەبوونی هاوکاری، "توندڕەوی و کێشە کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکانە." گوتیشی: "مێژووی هاوچەرخ پێمان دەڵێت کێشەکانی ئەفغانستان لێرە نامێننەوە، بەڵکو بۆ وڵاتانی دراوسێ و زۆر لەوە دوورتریش دەڕۆن." گەڕانەوەی 6 ملیۆن ئەفغانی لە ئەیلوولی 2023ـەوە زیاتر لە شەش ملیۆن ئەفغانی ناچاربوون لە پاکستان و ئێرانەوە بگەڕێنەوە دوای ئەوەی ئەو دوو وڵاتە سیاسەتی کۆچییان توندتر کرد. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات لەمساڵدا دوو ملیۆن کەسی دیکەش بە زۆر رەوانەی ئەفغانستان بکرێنەوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە یەکێک لە گەورەترین جووڵەکانی گەڕانەوەی دانیشتووان لە جیهاندا ناوی دەبات. ئەم خەڵکە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتێک کە بەدەست شوێنەواری دەیان ساڵ جەنگ و قەیرانێکی مرۆیی قورسەوە دەناڵێنێت. ئێستا زیاتر لە 17 ملیۆن کەس لە ئەفغانستان پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلەیە. بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 90٪ـی ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە "ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن" و تەنیا 3٪ـیان کاریان دەستکەوتووە. کورتهێنانی بودجە کۆمیسیاری باڵای پەنابەران رایگەیاند، بۆ هاوکاریی گەڕاوەکان لە بوارەکانی کار، نیشتەجێبوون و تەندروستی، پێویستیان بە 200 ملیۆن دۆلارە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 60 ملیۆن دۆلاریان دەستکەوتووە. بەرهەم ساڵح گوتی: "ناتوانین لە رووی ئەخلاقی، مرۆیی و تەنانەت لە رووی بەرژەوەندیی سیاسی و ئەمنییەوە، چاو لە ئاست نالەباریی گەلی ئەفغانستان دابخەین." پەراوێزخستنی ژنان بەرهەم ساڵح لە سەردانەکەیدا بۆ مەزار شەریف و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان، جەختی لەسەر پرسی ژنان کردووەتەوە. تاڵیبان لە ساڵی 2021ـەوە قوتابخانە و زانکۆکانی بە رووی کچاندا داخستووە و لە ساڵی 2025ـیشەوە کاری ژنانی لە نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەخە کردووە. بەرهەم ساڵح دەڵێت: "لە گفتوگۆمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێرەدا زۆر روون بووین؛ سنووردارکردنی ژنان و کچان سوودبەخش نییە. ناتوانیت یارمەتی گەلێک بدەیت لەکاتێکدا نیوەی کۆمەڵگەکەت پەراوێز خستووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسانی تاڵیبان پێیان گوتوون خەریکە پێداچوونەوە بەو دۆخە و داواکارییەکاندا دەکەن. چی دەربارەی دۆخی پەنابەرانی ئەفغانستان دەزانیت؟ پاکستان و ئێران: لە ساڵی 2023ـەوە هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ دەرکردنی ئەو ئەفغانییانە دەستپێکردووە کە بە نایاسایی یان بەبێ بەڵگە لە وڵاتەکانیان نیشتەجێن. قەیرانی بژێوی: ئەفغانستان یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان؛ دەرکردنی ملیۆنان کەس لە وڵاتانی دراوسێ، گوشارێکی یەکجار زۆری خستووەتە سەر ژێرخانی ئەو وڵاتە کە پێشتر بەهۆی جەنگەوە وێران بووە. کەمبوونەوەی هاوکاری: لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021، زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا هاوکارییە داراییەکانیان بۆ ئەفغانستان بڕیوە یان کەم کردووەتەوە، ئەمەش کارەکانی ئاژانسە فریاگوزارییەکانی قورستر کردووە. مافی ژنان: بێبەشکردنی ژنان لە کارکردن لە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەو خێزانانەی کە سەرپەرشتیارەکانیان ژنن.
جیهان08-07-2026کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی: خەڵاتکردنی نێچیرڤان بارزانی بەڵگەیە لەسەر سیاسەتی ناوازەی هەرێمی کوردستان