رووداو دیجیتاڵ
پێدانی باڵاترین مێدالیای فەرمیی کۆماری ئیتاڵیا بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لەنێو میدیا باڵاکانی ئەو وڵاتەدا هەبوو. ئاژانس و رۆژنامە ئیتاڵییەکان بە وردی شیکردنەوەیان بۆ رەهەندە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی ئەم رێزلێنانە کرد و کۆدەنگ بوون لەسەر ئەوەی رێزلێنانە "لە رێوڕەسمێکی سادە زیاترە" و گوزارشتە لە هاوپەیمانییەکی ستراتیژیی قووڵ.
رۆژی چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی نیشتمانیی ئیتاڵیا (ANSA) بڵاویکردەوە، ئەم مێدالیایە کە پلەی "سوارچاکی خاچی گەورەی ئەستێرەی ئیتاڵیا"یە (Cavaliere di Gran Croce)، باڵاترین رێزلێنانی نێودەوڵەتییە کە کۆماری ئیتاڵیا بیبەخشێت و بە فەرمانی راستەوخۆی سێرگیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری وڵاتەکە دراوە.
ئاژانسەکە نووسیویەتی، ئەم رێوڕەسمە "ئاماژەیەکی سیاسیی ئاستبەرزە" و دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی سیاسی و ئەمنیی رۆمایە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئانسا هەرێمی کوردستانی وەک "کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی سیاسەتی دەرەوەی ئیتاڵیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" ناساندووە.
رۆژنامەی (Il Riformista) لەبارەی بەخشینی مێدالیاکەدا نووسیویەتی: "هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی تەنیا سیمبولی نییە"، بەڵکو بە واتای "بەهێزکردنی لایەنێکی گفتوگۆکارە کە بە جێی متمانە، میانڕەو و یەکلاکەرەوە بۆ ئاسایشی ناوچەکە" دادەنرێت.
رۆژنامەکە هەروەها نووسیویەتی، کوردستان بۆ ئیتاڵیا وەک "چەقێکی ستراتیژی" وایە و "پاراستنی پەیوەندییەکی تایبەت لەگەڵ هەولێر، سەرمایەیەکی جیۆپۆلەتیکییە." رۆژنامەکە دەڵێت، ئەم رێزلێنانە "شەرعییەتدانێکی نێودەوڵەتییە بە رۆڵی سیاسیی بارزانی" و وێنەی هەرێمی کوردستان وەک "ئەکتەرێکی میانڕەو و پەرەپێدەری دیالۆگ و فرەیی ئایینی" لە جیهاندا بەهێزتر دەکات.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی (Giornale Diplomatico) کە رۆژنامەیەکی بواری دیپلۆماسییە، نووسیویەتی، بڕیاری خەڵاتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان "راگەیێندراوێکی سیاسییە" و نیشانەی ئەوەیە کە ئیتاڵیا دان بە رۆڵی بارزانیدا دەنێت لە "برەودان بە دیالۆگ، میانڕەوی، فرەیی ئایینی و هاوکاریی نێودەوڵەتی." رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم خاڵانە "توخمی بنەڕەتین بۆ ئاسایشی دەریای ناوەڕاستی فراوان و بۆ هەمەجۆرکردنی وزەی ئەورووپا."
رۆژنامە گەورەکانی وەک (Corriere della Sera) و (La Repubblica) ئەم رووداوەیان لە چوارچێوەی مێژوویەکی 20 ساڵەی پەیوەندییەکاندا باس کردووە.
رۆژنامەنووسانی ئەم دەزگایانە تیشکیان خستە سەر لووتکەی ساڵی 2015ـی نێوان نێچیرڤان بارزانی و ماتیۆ رێنزی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی ئیتاڵیا، کە رێگەی خۆش کرد بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر. هەروەها دیدارە باڵاکانی ئەم دواییەی بارزانی لە رۆما لەگەڵ گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگری و ئەنتۆنیۆ تاجانی، وەزیری دەرەوە، وەک بەڵگەیەک بۆ "قووڵبوونەوەی زیاتری هاوپەیمانییەکە" لێکدرایەوە.
کۆدەنگیی میدیاکانی ئیتاڵیا لەسەر ئەوە جێگیر بوو، پێدانی مێدالیای "سوارچاکی خاچی گەورە" گوزارشتە لە متمانەی تەواوی رۆما بە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان. وەک (Il Riformista) ئاماژەی پێکردووە، ئیتاڵیا لە ناوچەکەدا وەک "هاوبەشێکی سەقامگیر و نادەستبەسەرداگر" دەبینرێت کە دەتوانێت لەگەڵ هەموو پێکهاتەکاندا گفتوگۆ بکات، لەو نێوەندەشدا هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمانێکی "پێویست و یەکجار بەهادار" دەمێنێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)