رووداو دیجیتاڵ
توێژینەوەیەکی نوێی ناوەندی توێژینەوەی هاوبەشی کۆمیسیۆنی ئەورووپا دەڵێ، بەکارهێنانی پلاستیک لە ئەورووپا لە ساڵی 2011 بۆ 2025ـدا 11% زیادی کردووە، کە ئەمەش تاکە مادەیە لەم ماوەیەدا رەوتی بەرزبوونەوەی بەردەوامی تۆمارکردبێت.
لە توێژینەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە، 08-07-2026 بڵاوکرایەوە، لێکۆڵینەوە لەسەر قاپی پلاستیک، کارتۆن، کاخەز، شووشە، کانزا و مادە تێکەڵەکان لە 19 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپادا کراوە کە نوێنەرایەتیی زیاتر لە 97٪ـی دانیشتووانی یەکێتییەکە دەکەن.
بەپێی توێژینەوەکە، کۆی گشتیی پێچەرەکان کە خراونەتە بازاڕەوە لە ساڵی 2024ـدا گەیشتووەتە 98 کیلۆگرام بۆ هەر کەسێک، کە 97٪ـی ئەم ژمارەیە بۆ پێچەری خۆراک و بەرهەمە شلەکان دەگەڕێتەوە.
ئاماری پلاستیک لەسەر ئاستی وڵاتان
ئامارەکانی سەر ئاستی تاکەکەسی دەریدەخەن کە بە تێکڕا، 14 کیلۆگرام پێچەری پلاستیکی لەسەر ئاستی 19 وڵاتەکە خراوەتە بازاڕەوە بۆ هەر کەسێک. ئەم بڕە بەپێی وڵاتان جیاواز بووە. لە کاتێکدا لە بازاڕی ئەڵمانیادا 16 کیلۆگرام بووە بۆ هەر کەسێک، لە بازاڕی سوێد تەنیا نیوەی ئەو بڕە تۆمارکراوە. ئاوی دەبە، بەرهەمە شیرییەکان و خواردنەوە گازییەکان لە ساڵی 2024ـدا زۆرترین جار بەکارهاتوون.
لە ساڵی 2025ـدا 5.9 ملیۆن تۆن پێچەری پلاستیکی خراونەتە بازاڕەوە، کە دەکاتە 14 کیلۆگرام بۆ هەر تاکێک. ئاستی بەکارهێنان لە هەریەک لە ئایرلاند، رۆمانیا و پۆڵەندا بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە بازاڕەکانی فەرەنسا، هۆڵەندا و بەلجیکا تاڕادەیەک جێگیر ماوەتەوە.
لە ئیتاڵیا، دەبەی پلاستیکیی ئاو 46%ـی کۆی بەکارهێنانی پلاستیکی وڵاتەکە پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا ئەم رێژەیە لە سوێد تەنیا 6%ـە.
زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا بە شێوەیەکی سەرەکی مادەی (PET) بۆ دروستکردنی دەبەی خواردنەوەکان بەکاردەهێنن، بەڵام لە وڵاتانی وەک فینلاند، ئێرلەندا، هۆڵەندا و سوێد ئەم مادەیە کەمتر بەکاردێت و تەنانەت لە دوای پۆلیپرۆپیلین دێت.
یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا و چۆنیەتیی کۆکردنەوەی پاشماوەکان
ئەم توێژینەوەیە دوای ئەوە دێت، کۆمیسیۆنی ئەورووپا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا تیشکی خستە سەر چۆنیەتیی کەمکردنەوەی دەفرەکانی خۆراک و خواردنەوەی یەکجار بەکارهێنراوی پلاستیکی لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە بەپێی رێنماییەکانی یەکێتیی ئەورووپا. کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، 2.54 ملیۆن تۆن دەبەی پلاستیکی لە ساڵی 2022ـدا گەیشتووەتە بازاڕەکانی ئەورووپا.
هاوکات، 12 وڵات توانیویانە ئامانجی کۆکردنەوەی 77%ـی دەبەی پلاستیکیی یەکجار بەکارهێنراو تێپەڕێنن کە بریتین لە ئیستۆنیا، پۆڵەندا، فینلاند، ئەڵمانیا، دانیمارک، سوێد، نەرویج، لیتوانیا، کرواتیا، ئایسلاند، سلۆڤاکیا و بەلجیکا.
لە لایەکی دیکەشەوە ناوەندی توێژینەوەی هاوبەش لەم دواییانەدا پێشنیازێکی پێشکەشکردووە بۆ یەکخستنی لافیتەکانی جیاکردنەوەی پاشماوەکان لەژێر رێساکانی پێچەر و پاشماوەی پێچەرەکاندا، بە شێوازێک کە هێما رەنگاوڕەنگەکان و پێشنیازە یەکگرتووەکان لەخۆدەگرێت.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

