رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خێزان لە ئەڵمانیا بە کەهی مەحموود، هەواڵسازی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2024ـدا 17 کەس لەو وڵاتەدا ناچار کراون ژیانی هاوژینی پێکبێنن. بەڵام خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە زۆربەی هەرە زۆری ناچارکراوان و ئەوانەی ئەو کەسانەیان ناچارکردوون ئەو ژیانی هاوژینییە پێکبێنن، ئەڵمانی نین و بە رەچەڵەک خەڵکی وڵاتانی دیکەن. وەزارەتەکە دەڵێ، ئەمە تەنیا ئامارە فەرمییەکەیە و ژمارە شاراوەکان زیاترن.
زۆربەی ناچارکراوان و هاوژینەکانیان خەڵکی دەرەوەی ئەڵمانیان
بەپێی راپۆرتی نووسینگەی فیدراڵیی تاوانەکان لە ئەڵمانیا (BKA)، لەکۆی ئەو 17 کەسەی لە ساڵی 2024 دا ناچار کراون ژیانی هاوژینی پێکبێنن، تەنیا 2 کەسیان ئەڵمانی بوون. ئەوانی دیکە هەموویان خەڵکی دەرەوەی ئەڵمانیان بەم شێوەیە:
• 4 هاووڵاتیی سووریایی.
• 3 هاووڵاتیی رووسیایی.
• 2 هاووڵاتیی رۆمانی.
• 2 هاووڵاتیی سربی.
• 4 کەس کە هەریەکەیان خەڵکی (عێراق، مەغریب، بولگاریا و پۆڵەندا) بوون.
سەبارەت بەو کەسانەی هەستاون بە ناچارکردنی ئەو کەسانە بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، دیسان زۆربەیان خەڵکی دەرەوەن، لەنێویاندا 6 سووریایی، 6 رۆمانی، 5 تورکیایی، 3 ئەرمەنی و 2 رووسیایی هەن، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە لە میسر، سڕبیا و مەسەدۆنیای باکوور و تەنیا یەک کەسی ئەڵمانی لەنێو ئەو کەسانەدایە.
ناچارکراوەکان کێن؟
لە کۆی 17 قوربانییەکە، 16ـیان کچ و ژن بوون و تەنیا یەک کەسیان کوڕ بووە. تەمەنی قوربانییەکان جیاوازە؛ بچووکترینیان منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ بووە و گەورەترینیان تەمەنی 40 ساڵ بووە.
رێکخراوێک بەناوی (تووندوتیژی دژی ژنان) دەڵێ، تەنیا لە ساڵی 2025ـدا راوێژیان بە 231 کەس داوە کە مەترسیی هاوژینداریی زۆرەملێیان لەسەر بووە، ئەمەش نیشانی دەدات ژمارە راستەقینەکە زۆر گەورەترە.
سزای هاوژینداریی زۆرەملێ چییە؟
لە یاسای ئەڵمانیادا هاوژینیی زۆرەملێ بە تاوانێکی قورس و جۆرێک لە "بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە" دادەنرێ. هەر کەسێک بە زەبری هێز، هەڕەشە یان تووندوتیژی کەسێک ناچار بە شووکردن یان ژنهێنان بکات، سزاکەی لە 6 مانگەوە تاوەکو 5 ساڵ زیندانیکردن دەبێت.
هۆشدارییەک بۆ پشووی هاوین
لەگەڵ دەستپێکردنی پشووی هاوین، شارەوانیی ناوچەی فرێدریشهاین-کرۆیتسبێرگ لە بەرلین هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە.
شارەوانییەکە دەڵێ، لە پشووی هاویندا مەترسییەکە زۆر زیاد دەکات، چونکە هەندێک لە خێزانە پەناخوازەکان گەنج و منداڵەکانیان دەبەنەوە بۆ وڵاتە بنچینەییەکانی خۆیان و لەوێ ناچاریان دەکەن ژیانی هاوژینی پێک بێنن. بۆیە داوا لە مامۆستا و توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان کراوە کە زۆر وريا بن و گوێ لە کێشە و ترسی گەنجەکان بگرن بەر لەوەی گەشت بکەن.



