رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 250ـەمین ساڵیادی واژۆکردنی راگەیێندراوی سەربەخۆیی وڵاتەکەی، لە واشنتن گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ئەمریکا ئێستا لە هەموو کاتێک بەهێزترە و چووەتە نێو "سەردەمێکی زێڕین"ەوە.
سەرەڕای ئەوەی کەشوهەوا و هەورەبرووسکە بووە هۆی دواکەوتنی مەراسیمەکە، ترەمپ ستایشی ئەو جەماوەرەی کرد کە مابوونەوە و گوتى، "هیچ شتێک ناتوانێت رێگریمان لێ بکات." ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتێکدا سەرەتا نزیکەی 375 هەزار کەس ئامادە بوون، دوای بارانەکەش هێشتا 150 هەزار کەس لە مەیدانەکە مابوونەوە.
ترەمپ لە گوتارەکەیدا باسی لە هێزی سەربازیی ئەمریکا کرد و گوتى، وڵاتەکەی بەهێزترین سوپای جیهانی هەیە. ئاماژەی بە هەندێک لە "سەرکەوتنە" سەربازییەکانی ئیدارەکەی کرد و باسی لە تێکشاندنی تەواوەتیی هێزی دەریایی ئێران کرد و گوتى، "159 کەشتیی ئێرانی لە چاوتروکانێکدا نێردرانە بنی دەریا."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە ئەمریکا "ماڵی ئازادی"یە و هیچ نەتەوەیەک هێندەی ئەمریکییەکان کاری گەورەی نەکردووە. جارێکی دیکە دژایەتیی خۆی بۆ سیستەمی کۆمۆنیزم دووپات کردەوە و رایگەیاند، "ئەمریکا هەرگیز نابێتە وڵاتێکی کۆمۆنیست، چونکە کۆمۆنیزم سیستمێکی شکستخواردووە."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ترەمپ باسی لە "یاسای پاراستنی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، بۆ پاراستنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و رێگری لە فێڵکردن، دەبێت هەموو دەنگدەرێک ناسنامەی دەنگدان و بەڵگەی هاووڵاتیبوون پێشان بدات؛ هەروەها دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە سنووردار دەکرێت."
ترەمپ ستایشی ئاسمانەوانانی ناسا و تیمی "ئارتەمیس 2"ی کرد کە لە شوێنی مەراسیمەکە ئامادە بوون و رایگەیاند، ئەمریکا جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە سەر مانگ و هەنگاوی داهاتوویان چوون دەبێت بۆ هەسارەی مەریخ. گوتیشی بە دامەزراندنی "هێزی بۆشایی ئاسمان" ئەمریکا توانیویەتی پێش چین و رووسیا بکەوێت.



