رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور رۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور هەفتەی رابردوو سەرپەرشتیی تاقیکردنەوەی چەند چەکێکی نوێی لەسەر کەشتیی جەنگیی "کانگ کۆن" کردووە، کە کێشی 5000 تۆنە و پار لە کاتی ناساندنی بەشێکی نقوم بوو. تاقیکردنەوەکان هەڵدانی مووشەکی کرووز و ئامرازەکانی "شەڕی ئەلیکترۆنی"یان لەخۆگرتبوو.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور بڵاوی کردەوە، تاقیکردنەوەکان رۆژی هەینی کراون، ئەوەش کەمتر لە دوو هەفتە دوای ئەوە دێت کە کەشتییەکی دیکەی جەنگی پێنج هەزار تۆنی بەناوی (چۆو هیۆن) چووە نێو خزمەتی سەربازییەوە.
کیم جۆنگ ئون لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی کەشتییەکەدا بەڵێنی دا هێزی دەریایی وڵاتەکەی بە چەکی ئەتۆمی پڕ چەک بکات و کەشتیی جەنگیی نوێی 10 هەزار تۆنی دروست بکات.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمی کۆریای باکوور، دوای تاقیکردنەوەکەی رۆژی هەینی، کیم رێنمایی دا کە پرۆسەی تاقیکردنەوەی کەشتییە جەنگییەکە بە شێوەیەکی بەرپرسانە تەواو بکرێت و لە ماوەی دوو مانگدا بخرێتە خزمەتی هێزی دەریاییەوە.
کیم جۆنگ ئون لەکاتێکدا جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی "هێزی بەرپەرچدانەوەی جەنگ" کردەوە، بەڵێنیشی دا وڵاتەکەی سووربوونی خۆی بۆ بوونە خاوەنی "هێزێکی رەها" پێشان بدات.
کەشتیی (کانگ کۆن) لە ئایاری پاردا رووبەڕووی گرفت بووەوە، کاتێک لە کاتی ناردنی بۆ نێو ئاو بەشێکی نوقم بوو، ئەوەش لەبەردەم چاوی کیم جۆنگ ئوندا بوو. کیم رووداوەکەی بۆ "کەمتەرخەمی" و "بێباکی" گەڕاندەوە و داوای کرد لێپرسینەوە بکرێت.
شیکەرەوان دەڵێن، رێنماییەکەی کیم بۆ خستنەگەڕی کەشتییەکە لە ماوەی دوو مانگدا، رەنگە پەیوەندی بە ساڵیادی دامەزراندنی وڵاتەکەوە هەبێت لە 9ی ئەیلوولدا.
هۆنگ مین، لە پەیمانگەی کۆریا بۆ یەکگرتنەوەی نیشتمانی لە سیئۆل دەڵێ، پێشبینی دەکرێت کەشتییەکە لەگەڵ 78ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی وڵاتەکەدا بخرێتە خزمەتەوە و لە کەناراوە رۆژهەڵاتییەکانی نیمچەدوورگەی کۆریا جێگیر بکرێت.
کۆریای باکوور چەندینجار خۆی وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی "نەگۆڕ" ناساندووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2019دا کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان کیم و دۆناڵد ترەمپ لە هانۆی بێ ئەنجام کۆتایی هات.
لە رووی توانای سەربازییەوە، هێزی دەریایی کۆریای باشوور خاوەنی زیاتر لە 10 کەشتیی جەنگییە کە کێشیان لە پێنج هەزار تۆن زیاترە، لەکاتێکدا کۆریای باکوور تەنیا دوو کەشتیی لەو جۆرەی هەیە.



