رووداو دیجیتاڵ
خاڤێر میللی، سەرۆکی ئەرجەنتین لەلێدوانێکی تایبەت دا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، پشتیوانیی بێپێشینە و سەرسەختانەی خۆی و وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە و رەخنەی توندی لە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەو وڵاتە گرت.
رۆژی چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، لەوەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە هۆکاری هاوپەیمانێتییە بەهێزەکەی ئەرجەنتین لەگەڵ ئیسرائیل سەرەڕای ناڕەزایەتیی بەشێکی وڵاتانی جیهان، میللی گوتی: "چونکە هەڵوێستی نێودەوڵەتی درۆ دەکات. ئیسرائیل لەلایەنە باشەکەی مێژوو دایە و بەرگری لە خاکی خۆی دەکات."
سەرۆکی ئەرجەنتین پێگەی ئیسرائیلی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوازە وەسف کرد و گوتی: "ئیسرائیل تەنیا وڵاتە لەناوچەکە دا کە بەتەواوی دیموکرات و ئازادە، لەوەش زیاتر ئیسرائیل بەرگری لە مافی ژیان، ئازادی و خاوەندارێتی دەکات."
خاڤێر میللی لەدرێژەی قسەکانی دا ستایشی بەهاکانی دەوڵەتی ئیسرائیلی کرد و گوتی: "ئیسرائیل بنەمای بەهاکانی رۆژئاوایە و تەنیا شوێنە لەجیهان دا کە ژیانی رووحی و ژیانی مادی تێیدا پێکەوە دەگونجێن و بەردەوامن؛ هەر لەبەر ئەوەشە کە نەتەوەیەکی مەزنە و من زۆر سەرسامم پێی و خۆشەویستییەکی زۆرم بۆی هەیە."
ئیسرائیل و ئەرجەنتین لەسەردەمی ئیدارەی خاڤێر میللی، سەرۆکی ئەرجەنتین دا، بەرزترین ئاستی مێژوویی لەپەیوەندییە دیپلۆماسی، ستراتیژی و ئابوورییەکان دا ئەزموون دەکەن، هەرچەندە بەم دواییانە گرژی لەسەر گەڕان بەدوای نەوت لە کەناراوەکانی نزیک دوورگەکانی فۆڵکلاند سەریهەڵداوە.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکەی سەرۆکی ئەرجەنتین:
نامۆ عەبدوڵڵا: بەڕێز سەرۆک، تەنیا یەک پرسیار لەلایەن ئێمەوە، راستییەکەی لەسەر بابەتێکی کەمتر هەستیار؛ هەستت چییە بەرامبەر وازهێنانی مێسی لە تۆپی پێی نێودەوڵەتی؟ دووەمیش، پێمان بڵێ لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەت لەگەڵ ئیسرائیل دا؛ چی وادەکات وڵاتەکەت ببێتە هاوپەیمانێکی هێندە سەرسەختی ئیسرائیل سەرەڕای دژایەتییە نێودەوڵەتییەکان؟
خاڤێر میللی: لەبارەی مێسی: پێویست بوو ساتێکی ناخۆشم بۆ دروست بکەیت بەوەی مێسی واز دەهێنێت؟
لەبارەی ئیسرائیل: چونکە هەڵوێستی نێودەوڵەتی درۆ دەکات. با بڵێین، ئیسرائیل لەلایەنە باشەکەی مێژوو دایە. ئیسرائیل بەرگری لە خاکی خۆی دەکات. ئیسرائیل تەنیا وڵاتە لەناوچەکە دا کە بەتەواوی دیموکرات و ئازادە. لەوەش زیاتر ئیسرائیل بەرگری لە مافی ژیان، ئازادی و خاوەندارێتی دەکات. ئیسرائیل بنەمای بەهاکانی رۆژئاوایە. ئیسرائیل تەنیا شوێنە لەجیهان دا کە ژیانی رووحی و ژیانی مادی تێیدا پێکەوە دەگونجێن و بەردەوامن. هەر لەبەر ئەوەشە کە نەتەوەیەکی مەزنە و من زۆر سەرسامم پێی و خۆشەویستییەکی زۆرم بۆی هەیە.
.jpg&w=3840&q=75)