رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای کۆبوونەوەی لە کۆشکی سپی کردووە و گوتی، "نەتەنیاهوو باش دەزانێ سەرۆک کێیە." ترەمپ گوتیشی، چاودێریی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی دەکات و پێی وایە گریانی بەشێک لە بەرپرسەکان "ساختەیە."
رۆژی شەممە 04-07-2026، دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەی ئەکسیۆسی راگەیاند، پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا هەیە و لەبارەی خۆیەوە گوتی: "ئێمە زۆر بە باشی هەڵدەکەین. نەتەنیاهوو دەزانێت کێ سەرۆکە [بڕیاردەرە]."
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک دەبێت لە دوای کۆبوونەوە گرنگەکەیان لە مانگی شوبات لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی، کاتێک نەتەنیاهوو پلانەکەی بۆ دەستپێکردنی جەنگی هاوبەش دژی ئێران پێشکێش کرد.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی رایگەیاند، رەنگە هەفتەی داهاتوو زۆر زوو بێت بۆ گەشتەکە، بەهۆی گەشتەکەی ترەمپ بۆ تورکیا کە تێیدا لووتکەی ناتۆ لە رۆژانی 7 و 8ـی تەممووزدا بەڕێوەدەچێت. بەرپرسەکە گوتی: "رەنگە کۆبوونەوەکە لە هەفتەی دوای ئەوە بکرێ."
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، نەتەنیاهوو رۆژی هەینی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپ کردووە بۆ پیرۆزبایی بەبۆنەی 250ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاند، سەرۆکوەزیران پێی گوتووە ئەمریکا بۆ ئازادیی جیهان گەرەنتییە و ئیسرائیل بایەخ بەم پەیوەندییە نزیکە دەدات، هەردوولا رێککەوتوون بە زوویی لە ئەمریکا کۆببنەوە.
ترەمپ بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، بە وردی چاودێریی رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، کە لە رۆژی یەکەمی جەنگدا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کوژرا.
ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد ئێرانییەکان "بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەپاڕێنەوە،" بەڵام گوتی، هەردوولا بڕیاریانداوە بۆ هەفتەیەک پشوو لە گفتوگۆکان وەربگرن تاوەکو کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکە و لەم ماوەیەدا کەس هێرش ناکات.
ترەمپ لەبارەی بەشداربووانی پرسەکە گوتی: "هەموویان لەوێن. بە یەک هێرش دەتوانین هەموویان لەنێو ببەین، بەڵام ئەمە ناکەین، چونکە ئەو کاتە کەس نامێنێ گفتوگۆی لەگەڵ بکەین."
سەرۆکی ئەمریکا سەرسوڕمانیی خۆی نیشاندا کە دەبینێت هەندێک ئێرانی لە پرسەکەدا دەگریان و پێیوابوو خەڵکی بە تەواوی رقیان لێیەتی و گوتی: "رەنگە ئەمانە فرمێسکی ساختە بن."
لە نێو بازنەی نزیکی ترەمپدا، نیگەرانی و بێهیوایی زۆر بەرامبەر بە نەتەنیاهوو لە دوای کۆبوونەوەکەی شوباتەوە دروستبووە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە: "زۆر لە راوێژکارە هەرە نزیکەکانی ترەمپ پێیان وایە بیبی [نەتەنیاهوو] لەسەر هەموو پرسەکان هەڵە بووە."
ترەمپ مانگی رابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکەی ئیسرائیل لە لوبنان رووبەڕووی نەتەنیاهوو ببووەوە و بە "شێت" وەسفی کردبوو. ئەم گرژییانە درزێکی قووڵیان لە نێو کۆمارییەکاندا سەبارەت بە ئیسرائیل و جەنگەکە دروستکردووە.
سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی نەتەنیاهوو، ترەمپ مانگی رابردوو یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ئێران واژۆکرد بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئەتۆمی.
ترەمپ هەروەها گوشاری خستە سەر نەتەنیاهوو بۆ سنووردارکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان و واژۆکردنی رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کشانەوە لە باشووری لوبنان.



