رووداو دیجیتاڵ حکومەتی ئەڵمانیا لەسەر پاکێجێکی نوێی ئابووری کە 34 بڕیار لەخۆ دەگرێت رێککەوت. ئامانج لە پاکێجەکە سووککردنی باری سەرشانی هاووڵاتییانە لە رێگەی کەمکردنەوەی باج و زیادکردنی هاوکارییە داراییەکانی تایبەت بە خێزان و منداڵان. بەپێی بڕیارە نوێیەکانی حکومەتی ئەڵمانیا، ئەو کەسانەی مووچەکانیان لە ئاستی مامناوەند یان کەم دایە، لەمەودوا بڕێکی کەمتر باج دەدەن. هەروەها گۆڕانکاریی ئەرێنی بۆ ئەو خێزانانە دەکرێت کە منداڵیان هەیە، بە شێوەیەک کە بڕی پارەی مانگانەی منداڵان زیاد دەکرێت. لە بەشێکی دیکەی پاکێجەکە دا، بڕی لێخۆشبوونی باج لەسەر منداڵ بەرز دەکرێتەوە؛ ئەمەش وا دەکات دایک و باوکان بتوانن بڕێک لەو باجەی بەهۆی کارکردنەوە داویانە، وەک لێخۆشبوون بەهۆی بوونی منداڵەوە وەربگرنەوە. یەکێکی دیکە لە بڕیارە دیارەکانی پاکێجەکە، هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی نەخۆشییە لە رێگەی تەلەفۆنەوە. لەمەودوا هەر فەرمانبەر و کرێکارێک نەخۆش بکەوێت، دەبێت بە شێوەی مەیدانی سەردانی پزیشک بکات، بەپێچەوانەوە داواکارییەکەی بۆ مۆڵەتی نەخۆشی قبووڵ ناکرێت. تاوەکو ئێستا ئەم پاکێجە تەنیا لەسەر ئاستی حکومەت رێککەوتنی لەسەر کراوە و بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە ئاراستەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بکرێت و دواتریش لەلایەن ئەنجوومەنی هەرێمەکانەوە پەسند بکرێت. بەپێی پلانی حکومەت، پڕۆسەی کەمکردنەوەی باجەکان لە ساڵی 2027ـەوە دەست پێ دەکات، بەڵام کاریگەرییە گەورەکەی لە ساڵی 2028 دا بە تەواوی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەردەکەوێت.
جیهان03-07-2026نەتەوە یەکگرتووەکان: دیاردەی ئێل نینۆ بەهێز دەبێت و مەترسیی کەشوهەوای تووند زیاد دەکات