رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە 25ی تەممووزی 2026 لە شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا، یەکەمین "کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا،" لەژێر ناونیشانی "کۆنگرەی هەژار موکریانی" بەڕێوەدەچێت. کۆنگرەکە بە ئامادەبوونی 126 نووسەر و ئەدیبی کورد لە وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا، کەنەدا و وڵاتانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بەڕێوەدەچێت.
سدیق شەڕنەخی، نووسەر و ئەندامی دەستەی ئامادەکاری کۆنگرە، بە بەرنامەی "دیاسپۆرا"ی راگەیاند، "زیاتر لە 150 نووسەری کورد لە دیاسپۆرا ئەندامن لەو فیدراسیۆنە. لەم کۆنگرەیەدا 126 ئەندام بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشدار دەبن. بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم فیدراسیۆنە بۆ ساڵی 2023 دەگەڕێتەوە، کاتێک لەژێر راسپاردەی سەرۆک مەسعود بارزانی بڕیار لە دروستکردنی ناوەندێکی سەربەخۆ بۆ کۆکردنەوەی نووسەرانی کورد لە دیاسپۆرا درا." شەڕنەخی ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵبژاردنی ناوی "مامۆستا هەژار موکریانی" بۆ کۆنگرەکە بەهایەکی سیمبۆلی و مێژوویی هەیە، چونکە بەشێکی زۆری ژیان و بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەو بیرمەندە گەورەیەی کورد لە تاراوگە و غەریبی بەرهەم هاتوون.
لەبارەی ئامانج و پێویستیی دامەزراندنی فیدراسیۆنەکە لە دیاسپۆرا، دەریا خۆشناو، نووسەر و بەشداربووی کۆنگرەکە بە دیاسپۆرای راگەیاند، "بوونی فیدراسیۆنێکی تایبەت بە نووسەران لە دیاسپۆرا پێویستییەکی ستراتیجی و کولتوورییە. نووسەری کورد لە کۆچبەریدا هەمیشە لەنێوان دوو جیهاندا دەژیێت و رووبەڕووی مەترسیی توانەوە دەبێتەوە. ئەم فیدراسیۆنە دەبێتە دەرفەتێک بۆ پاراستنی زمانی کوردی و گەیاندنی ئەدەبیاتی کورد بە کۆمەڵگەی رۆژئاوا."
دەریا خۆشناو جەختیشی کردەوە کە فیدراسیۆنەکە دەبێتە پاڵپشتێکی مەعنەوی بۆ ئەو نووسەرانەی بەهۆی سەرقاڵییەکانی ژیانەوە لە تاراوگە لە نووسین دابڕاون یاخود گۆشەگیر بوون، تاوەکو لەڕێگەی ئەم سەکۆیەوە بەرهەمەکانیان گرنگیی پێبدرێت.
ئەم ژنە نووسەرە لەبارەی بەشداریی ژنانی نووسەریش گوتی، "رێژەی بەشداریی ژنانی نووسەر لەم کۆنگرەیەدا 30%ـە، ئەگەرچی هێشتا وەک پێویست نییە، هیوا دەخوازین لە داهاتوودا ئامادەیی ژنان لە ناوەندە ئەدەبییەکاندا زیاتر بێت."



