رووداو دیجیتاڵ
کوردی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەورووپا، نیگەرانن لە پڕۆسەی راییکردنی مامەڵەکانیان لە کۆنسوڵخانەی عێراق لە شاری فرانکفۆرت. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی بەرنامەی "دیاسپۆرا"، هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی ژوان، نوێکردنەوەی پاسپۆرت یان دەرکردنی کارتی نیشتمانی، رووبەڕووی دواکەوتنی زۆر و ئاستەنگ دەبنەوە؛ لە کاتێکدا هەندێک هاووڵاتی ئاماژە بەوە دەکەن کە لە بەرامبەر پێدانی پارەدا ژوانیان بۆ وەرگیراوە.
ژنێکی کورد کە بۆ مامەڵەی کارتی نیشتمانی و دەرهێنانی پاسپۆرتی منداڵەکانی رووی لە کۆنسوڵخانەی عێراق لە فرانکفۆرت کردووە، جەخت لە سەختی و زەحمەتیی پڕۆسەکە دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە ساڵێک و پێنج مانگە بەبێ ئەنجام هاتووچۆ دەکات.
"هێندە هاتووچۆمان کرد، ماندوو بووین؛ لێرە کارەکان زۆر زەحمەتن. ساڵێک زیاترە دێم و دەچم، نە ژوان هەیە و نە هیچ. تاوەکو ئێستاش هیچ مامەڵەیەکم جێبەجێنەکراوە. دەڵێن لە رێگەی ئۆنلاینەوەیە، بەڵام من عەرەبی نازانم بخوێنمەوە، بیستوومە بە پارە ژوان بۆ خەڵک دادەنێن."
لەبەردەم کۆنسوڵخانەدا، گەنجێکی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەناوی وەزیر ئیبراهیم کە لە شاری نورنبێرگەوە هاتبوو، رایگەیاند کە پاش چەندین مانگ هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی ژوان لە رێگەی ئۆنلاینەوە، ناچار بووە لە رێگەی نێوەندگیرێکەوە بە پارە ژوان وەربگرێت.
"چوار تا پێنج مانگ بوو دەمویست ژوانێک بگرم، بەڵام دەستنەدەکەوت. هەوڵی ئۆنلاینم دا، هەموو ژوانەکان بۆ دوای ساڵێکی دیکە بوون. سەرئەنجام لە رێگەی برادەرێکەوە بە پارە ژوانم وەرگرت و سەد یۆرۆم دا، دوای شەش مانگ لە هەوڵدان ئەمڕۆ بریکارنامەکەم وەرگرتەوە."
لە بەرامبەردا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی شوان ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر بەبێ پارە مامەڵەی نوێکردنەوەی پاسپۆرتی ئەنجامداوە، بەڵام پڕۆسەکە شەش مانگی خایاندووە، هەروەها ناڕەزاییشی بەرامبەر شێوازی بڵاوکردنەوەی ناوی هاووڵاتییان لە لاپەڕەی فەیسبووکی کۆنسوڵخانە دەربڕی.
بۆ وەرگرتنی روونکردنەوە لەسەر ئەو سکاڵا و گلەییانەی لەسەر شێوازی پێدانی ژوان و مامەڵەی هاووڵاتییان هەیە، تیمی بەرنامەی دیاسپۆرا سەردانی کۆنسوڵخانەی عێراقیان لە شاری فرانکفۆرت کرد، بەڵام بەرپرسانی کۆنسوڵخانە ئامادە نەبوون لەبەردەم کامێرا قسە بکەن.
شەوقی کانەبی، پڕۆدیوسەری بەرنامەی دیاسپۆرا رایگەیاند، "چەندین هەفتەیە لە پەیوەندیداین لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە بەرلین و کۆنسوڵخانەی عێراق لە فرانکفۆرت، بەڵام بە تەلەفۆن و ئیمێڵ هیچ وەڵامێکیان نەبووە. کاتێک بە شێوەی راستەوخۆش چووینە کۆنسوڵخانە، کارمەندانی ئەوێ گوتیان پێویستمان بە رەزامەندیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەیە بۆ قسەکردن."
لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانەی بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان سەردانی کۆنسوڵخانەیان کردبوو، باس لە بوونی دەڵاڵ و کەسانی ناوبژیکەر دەکەن کە بەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر ژوانیان بۆ وەردەگرن.
خانمێک بە تەلەفۆن بە دیاسپۆرای رایگەیاند، "کەسێک لە کوردستان هەیە، بەرامبەر سێ هەزار یۆرۆ ژوان بۆ خەڵک وەردەگرێت، ئەو کەسە بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ناو کۆنسوڵخانە هاوڕێی هەیە و مامەڵەکان ئاسان دەکات."
جگە لە کێشەی ژوان و پارە سەندن، هاووڵاتییان گلەییان لە درێژەکێشانی مامەڵەکانیان و قورسیی دەرهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەکان، بەتایبەت کارتی نیشتمانی هەیە.
تەوفیق رەشید، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شاری فرانکفۆرتە و نزیکەی 30 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، سەبارەت بە دواکەوتنی مامەڵەی بەڵگەنامەی منداڵەکانی گوتی، "نزیکەی ساڵێکە مامەڵەی کارتی نیشتمانیم بۆ منداڵەکانم ناردووە، بەڵام هەموو جارێک پێم دەڵێن وەڵام لە بەغداوە نەهاتووەتەوە و دەبێت پشتڕاستکردنەوە بۆ داواکارییەکان بکرێت. ئەم دواکەوتنە لە کاتێکدایە کە هەموو بەڵگەنامەکانمان فەرمین."
عامر عیدۆ، پێشتر بۆ ماوەی 10 ساڵ فەرمانبەری کۆنسوڵخانە بووە و لە نزیک کۆنسوڵخانە نووسینگەی کاروباری یاسایی هەیە. لەبارەی ئاستەنگەکان و دەنگۆی وەرگرتنی بەرتیل لە هاووڵاتییان بە دیاسپۆرای رایگەیاند، "کاتێک کەسێک دەڵێت پارەم داوە، دەبێت بەڵگەی هەبێت و پێشکەشی کۆنسوڵخانەی بکات، بەڵام ئەوانەی کە دەڵێن پارەیان لێوەرگیراوە، ئامادە نین سکاڵا بکەن."
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش کرد کە فشارێکی زۆر لەسەر کۆنسوڵخانە هەیە و گوتی، "لە تەواوی ئەورووپاوە ئەو هاووڵاتییانەی وڵاتینامەی عێراقییان هەیە، روو لەم کۆنسوڵخانەیە دەکەن، بەجۆرێک رۆژانە زیاتر لە 400 کەس بەڕێ دەکرێن."
خاوەنی ئەو نووسینگە یاساییە رەتی کردەوە فەرمانبەرانی کۆنسوڵخانە دەستیان لە وەرگرتنی بەرتیلدا هەبێت و گوتی، "مووچەی کەمترین فەرمانبەری دیپلۆماتکار لەنێوان 3 هەزار بۆ 4 هەزار یۆرۆدایە و شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ دابین کراوە؛ بۆیە مەحاڵە فەرمانبەرێک وەزیفەکەی بخاتە مەترسییەوە بۆ وەرگرتنی 100 یان 200 یۆرۆیەک لە هاووڵاتییان."
لە بەرامبەردا، هاووڵاتییان گلەیی دەکەن لەوەی سیستەمی ئەلیکترۆنیی کۆنسوڵخانە کارا نییە و ناچار دەکرێن پەنا ببەنە بەر نووسینگەی تایبەت بۆ وەرگرتنی ژوان.
هەژار سلێمان، نیشتەجێی ئەڵمانیایە و ماوەی چەندین مانگە خەریکی راییکردنی مامەڵەی کارتی نیشتمانیی منداڵەکەیەتی، ئەزموونی خۆی بۆ رووداو گێڕایەوە و گوتی، "چەندین جار سەردانی کۆنسوڵخانەم کردووە و گوتیان هەڵە لە مامەڵەکەتدا هەیە. کاتێک بە سیستەمەکە هەوڵم دا ژوان بۆ بریکارنامە وەربگرم، سیستەمەکە رەتی کردەوە. فەرمانبەرێکی کۆنسوڵخانە پێی گوتم بڕۆ لە نووسینگەکانی دەرەوە بیکە. خەڵکێک هەیە ژوانی بریکارنامە و پاسپۆرت بە 50 تا 100 یۆرۆ دەفرۆشێت."
بەرنامەی دیاسپۆرا هەوڵی دا لەوبارەیەوە لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەربگرێت، بەڵام ئەو وەزارەتە ئێستا وتەبێژی نییە.
موسەنا ئەمین، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، بە دیاسپۆرای رایگەیاند کە راستە هەندێک نووسینگە و کەس هەن بازرگانی بەو ژوانانەوە دەکەن، پێشتر دەیگرن و بە هاووڵاتییانی دەفرۆشنەوە. کۆنسوڵی عێراق لە فرانکفۆرت دانی بەوەدا ناوە کە چەند کەسێک ئەو کارەیان کردووە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو پێشێلکارییانەیان داوە.

.jpg&w=3840&q=75)