رووداو دیجیتاڵ
جەزائیرییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد، لە کاتێکدا بەهۆی دوورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەربژێرەکان، ترسی زۆر لە نزمبوونەوەی رێژەی بەشداریی دەنگدەران هەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی تەممووزی 2026 پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 407 ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەل لە جەزائیر دەستیپێکرد. بنکەکانی دەنگدان کە کاژێر 08:00ی بەیانی بەڕووی 25 ملیۆن دەنگدەردا کرانەوە.
بەپێی داتا فەرمییەکانی دەستەی هەڵبژاردن کە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکە بڵاویکردەوە، رێژەی بەشداری تاوەکو ناوەڕاستی پاشنیوەڕۆ تەنیا 11٪ بووە، لە کاتێکدا رێژەی بەشداریی جەزائیرییەکانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات گەیشتووەتە نزیکەی 10٪. عەبدولمەجید تەبوونی، سەرۆککۆماری جەزائیر رایگەیاند، هەڵبژاردنەکە بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت کە چاوەڕوان دەکرا.
ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە مشتومڕێکی زۆر لەسەر دوورخستنەوەی نزیکەی سێیەکی ئەو بەربژێرانە هەیە کە دەیانویست کێبڕکێ بکەن. هەندێک لە بەربژێرە دوورخراوەکان رایانگەیاندووە، رێگرییان لێکراوە لە بازنە گرنگەکانی وەک پایتەخت خۆیان بپاڵێون. چاوەڕوان دەکرێت پارتی بەرەی رزگاریی نیشتمانی کە پارتی دەسەڵاتدارە، دووبارە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنێتەوە.
سەعید سەیود، سەرۆکوەزیرانی جەزائیر داوای لە هاووڵاتییان کرد بە رێژەیەکی زۆر بەشداری لە دەنگداندا بکەن و گوتی: "داوا لە ژنان و پیاوانی جەزائیر دەکەم بە ژمارەیەکی زۆر بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان". ئەم داوایە لە کاتێکدایە کە لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا لە ساڵی 2021، رێژەی بەشداری پێوانەیەکى نزمی تۆمارکرد و گەیشتە تەنیا 23٪.
دۆخی سیاسیی جەزائیر لە دوای بزووتنەوەی (حیراک) لە ساڵی 2019، کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولعەزیز بوتێفلیکە، سەرۆککۆماری پێشوو رووبەڕووی سستیی متمانەی جەماوەری بووەتەوە. ساردیی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا بەشێکی زۆری کۆمەڵگە بێهیوایە لە گۆڕانکاریی سیاسی لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی تەبوونی لە ساڵی 2024دا بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرایەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)