رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی گەرمای تووند وڵاتانی ئەورووپای گرتووەتەوە. پلەی گەرما لە ئەمستردام، پاریس، لەندەن و بەرلین گەیشتووەتە 35 بۆ 41 پلەی سیلیزی، بەڵام کەشوهەوای هەولێر لە ئایاری ئەمساڵ لە پار فێنکتر بووە.
گەورەترین کێشەش لەو شارانەدا نەبوونی فێنککەرەوەیە.
ئینا ئیکاتۆر، پسپۆڕی باجە و لە هۆڵەندا دەژی و دەڵێت، "ئێمە لە دەرەوەین، چونکە لە راستییدا پانکەمان نییە. بۆیە لە فێنککەرەوەیەکەوە بۆ دانەیەکی دیکە دەڕۆین، لە دەوروبەری سەنتەری شار".
هێمن حەوێزی، ئەندامی شارەوانیی شاری زۆتەمێرە لە هۆڵەندا و بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی گەرماوە شوێنی تایبەت لە شارەکەیان و شارەکانی دیکەی هۆڵەندا بۆ کەسانی بەتەمەن دابینکراوە.
ئەو ئەندامەی شارەوانیی شاری زۆتەمێر دەڵێت، بەهۆی گەرماوە بەشێکی قوتابخانەکان داخراون و کۆمپانیاکانی گەیاندنی خۆراکیش ئاگادارکراونەتەوە کاری کارمەندەکانیان رابگرن.
گەرماکەی پاریسیش تاقەت پڕوکێنە و خەڵک چەند کاژێرێک نۆرە دەگرن بۆ ئەوەی فێنککەرەوەیەکیان دەستبکەوێ.
زاڤیێ مالی، ئەکتەرە و دانیشتووی پاریسە، ئەو لەبارەی گەرماکەوە دەڵێت، "من دڵخۆشم چونکە سێ یان چوار رۆژە هیچ فێنککەرەوەیەکمان نییە، هیچمان نەبووە و بەڕاستی دۆخەکە وەک کوڵان وابوو."
بە گوێرەی ئاماری ئاژانسی کەشناسیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووداو، 14 رۆژی سەرەتای مانگی حوزەیران پلەی گەرما لە لەندەن تێکڕا سێ پلەی سیلیزی، لە بەرلین دوو پلە، لە پاریس 2.1 پلە و لە ئەمستردام 1.9 پلەی سیلیزی زیاتربووە لە هەمان ماوەی پار. بەڵام لە هەولێر تێکڕا نزیکەی 3.4 پلە کەمتر بووە.
بەهۆی گەرماکەوە لە بەشێکی شارەکان، لەوانە برۆکسل ئاو و پێویستی بە کەسانی بێ ماڵ و هەژاران دەدرێ.
کریس ڤان دیهاوت، ئەفسەری پۆلیس لە تیمی بێماڵەکانی پۆلیسی برۆکسل باس لەوە دەکات، "ئەوان پێویستیان بە شوێنی سێبەر و ئاوە بۆ فێنکبوونەوە. هیچ شوێنێکیان نییە بۆی بڕۆن".
بەهۆی شەپۆلی گەرماکەوە مردنی نزیکەی 440 کەس لە سەرەتای مانگی رابردووەوە لە وڵاتانی ئەورووپا پشتڕاستکراوەتەوە.



