رووداو دیجیتاڵ
دوای چوار ساڵ لە چاوەڕوانی، ئەڵمانیا یەکەمین فڕۆکەی لە کۆی نزیکەی 35 فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری ئێف-35 وەرگرت.
رۆژی هەینی، 18-09-2026، لە رێوڕەسمێکدا لە ناوەندی بەرهەمهێنانی لە شاری فۆرت وۆرس لە ویلایەتی تێکساس، کۆمپانیای (لۆکهید مارتن)ـی ئەمریکی یەکەمین فڕۆکەی جۆری (ئێف-35 ئەی لایتنینگ 2)ـی بە فەرمی رادەستی حکومەتی ئەڵمانیا کرد.
بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کە لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە بوو، پەسنی ئەو فڕۆکەیەی دا و بە "پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگی لە جیهاندا" ناویبرد و گوتی، رادەستکردنی ئەم فڕۆکەیە "دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە بۆ هێزی ئاسمانیی ئەڵمانیا."
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم فڕۆکەیە "بە توانای خۆدزینەوە لە رادار، هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ پلاتفۆرمە سەربازییەکانی دیکە و تەکنەلۆژیای هەستپێکەری یەکجار بەهێز جیادەکرێتەوە."
ئەڵمانیا لە ساڵی 2022، ئەو ساڵەی رووسیا هێرشی بەرفراوانی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد، گرێبەستێکی بۆ کڕینی 35 فڕۆکەی لەو جۆرە واژۆ کرد، بە مەبەستی جێگرتنەوەی فڕۆکە کۆنەکانی لە جۆری (تۆرنادۆ).
فڕۆکەی ئێف-35 خاوەنی پێکهاتەیەکی تایبەت و بەرگێکی داپۆشراوە کە توانای بینینی کەم دەکاتەوە و وا دەکات ئاشکراکردنی لە شاشەی رادارەکان ئەستەم بێت. واشنتن لە جەنگی دژی ئێران ئەم جۆرە فڕۆکەیەی بەکارهێناوە و بەگوێرەی کۆمپانیای لۆکهید مارتن، ئێستا زیاتر لە 1,350 فڕۆکەی ئێف-35 لە سەرانسەری جیهاندا لە خزمەتی سەربازیدان.


