رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دەرەوەی چین جەخت لە قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەیجینگ و بەغدا دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، کۆمپانیا چینییەکان رۆڵێکی کارایان لە ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی عێراق دا گێڕاوە. رۆژی دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی پرسیارێکی مەهدی فەرەج، بەرپرسی نوسینگەی رووداو لە چین، سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ عێراق رایگەیاند: "کۆمپانیاکانمان چالاکانە لە عێراق کاریان کردووە و بە چالاکانە بەشدارییان لە ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی عێراق دا کردووە." وەزارەتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە کارەکانیان لەو وڵاتە بووەتە جێگەی رەزامەندی و بە جۆرێک کە ئەو کۆمپانیایانە "ستایشی کۆمەڵگەی عێراقییان بەدەست هێناوە." سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، وەزارەتی دەرەوەی چین ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان نیشاندەدات و دەڵێت: "چین ئامادەیە زیاتر هاوکارییەکانی لەگەڵ عێراق بەهێز بکات، هاوکارییە سوودبەخشە هاوبەشەکان قووڵتر بکاتەوە و باشتر سوود بە گەلی هەردوو وڵات بگەیەنێت."