رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی لەندەن پیاوێکی بە تۆمەتی "هەوڵی کوشتن" دەستگیر کرد، دوای ئەوەی بە ئۆتۆمبێلەکەی لە پێنج کەسی پیادەی دا و لە شوێنی رووداوەکەش هەڵات.
رووداوەکە پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە، 27ـی حوزەیرانی 2026، لە ناوچەی ئیلینگ برۆدوەی لە رۆژئاوای لەندەن روویداوە و پێنج کەس بریندار بوون. دوو لە بریندارەکان هەر لە شوێنی رووداوەکە چارەسەریان بۆ کراوە و سێ بریندارەکەی دیکەش گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
گوتەبێژێکی پۆلیسی لەندەن رایگەیاند: "لەو بڕوایەداین برینی هیچ کام لە بریندارەکان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست نەکردووە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیس، ئەو ئۆتۆمبێلەی لە خەڵکەکەی داوە لە شوێنی رووداوەکە نەوەستاوە، بەڵام کەمێک دواتر هێزە ئەمنییەکان توانیویانە لە ناوچەی گرەینج پارک رایبگرن.
شۆفێرەکە، کە پیاوێکی تەمەن 34 ساڵەی بە رەچەڵەک سۆماڵییە، بە تۆمەتی "شۆفێریی مەترسیدار و هەوڵی کوشتن" دەستگیر کراوە.
گومانی تیرۆر
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی سرووشتی رووداوەکە، ئەفسەرانی ناوچەکە پەیوەندییان بە "بەشی دژە تیرۆری پۆلیسی لەندەن"ەوە کردووە بۆ لێکۆڵینەوەی سەرەتایی. بەڵام جەختیان کردەوە کە لە کاتێکدا لێکۆڵەران بەدوای هەموو ئەگەرەکاندا دەگەڕێن، بەڵام لەم قۆناخەدا وەک کردەوەیەکی تیرۆریستی مامەڵە لەگەڵ رووداوەکەدا ناکرێت.
هەروەها پۆلیس رایگەیاندووە، چەندین شەقام لە ناوچەکە داخراون و پێدەچێت بۆ ماوەیەکی درێژ بە داخراوی بمێننەوە تاوەکو رێکارەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوام دەبن.
پۆلیس داواشی لە هەر کەسێک کردووە کە زانیاری یان گرتەی ڤیدیۆیی رووداوەکەی لایە، پەیوەندییان پێوە بکات.
دەزگای فریاکەوتنی لەندەن رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانیان رەوانەی شوێنەکە کردووە، لەوانەش تیمەکانی فریاگوزاریی سەرنشین، پزیشکانی فریاکەوتن بە ئۆتۆمبێلی خێرا، تیمی خۆبەخشی وەڵامدەرەوەی بارە نائاساییەکان و ئەفسەری وەڵامدەرەوەی رووداوەکان.
هەروەها هێلیکۆپتەرێکی فریاکەوتنی ئاسمانیی لەندەنیش بۆ هاوکاریی بریندارەکان رەوانە کراوە.



