رووداو - دیجیتاڵ
کۆنفیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی، گەورەترین کۆنفرانسی خۆی لە ئەڵمانیا رێکخست. لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەری 35 قوتابخانە و ناوەندی وانەگوتنی زمانی کوردی لە دیاسپۆرا کۆبوونەوە تاوەکو رێگەکانی پاراستنی ناسنامە و گەشەپێدانی زمانی کوردی لە ناو نەوەکانی نوێی تاراوگەدا تاوتوێ بکەن.
ئەم کۆنفرانسە لە لایەن کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، کە سەر بە بارەگای بارزانییە، رێکخراوە و ئامانجی دروستکردنی هەماهەنگییە لە نێوان ئەو ناوەندە پەروەردەییانەی لە وڵاتانی جیاواز کار بۆ فێربوونی زمانی کوردی دەکەن.
چیرۆکی 25 ساڵ گەڕان بە پایسکل بۆ وانەی کوردی یەکێک لە بەشداربووە دیارەکانی کۆنفرانسەکە چرۆ زەندە، کە لە شاری تۆرنتۆی کەنەداوە هاتووە. چرۆ کچی مێژوونووسی ناوداری کورد، کەریم زەندە؛ ئەو چیرۆکێکی جیاوازی هەیە و زیاتر لە 25 ساڵە لە کەنەدا خزمەت بە زمانی کوردی دەکات. ئەو دەڵێت، ساڵانێکی زۆر بە پایسکل لە ماڵە کوردەکانی کەنەدا گەڕاوە تەنیا بۆ ئەوەی منداڵەکانیان فێری زمانی دایک بکات.
ئاستەنگەکانی فێربوونی زمان لە نەرویج و کەنەدا بورهان گەردی، کە نوێنەرایەتیی رەوەندی کوردی لە نەرویج دەکات، باس لەو ئالنگارییانە دەکات کە دێنە بەردەم پرۆسەی خوێندن. لە قوتابخانەکەی ئەواندا بە زاراوە سەرەکییەکانی زمانی کوردی وانە دەگوترێتەوە، بەڵام پاراستنی رەسەنایەتیی زمانەکە لە ناو کولتوورێکی جیاوازدا ئەرکێکی ئاسان نییە.
هەرچی عیسا مێرگەسۆرییە، کە لە ڤانکۆڤەری کەنەداوە هاتووە، تیشک دەخاتە سەر کێشەی دووریی مەوداکان و دەڵێت، لە وڵاتە گەورەکاندا کە رێژەی کورد تێیاندا کەمە، کۆکردنەوەی فێرخوازان و رێکخستنی پۆلەکان زۆر ئاڵۆزتر و پڕ لە بەربەستە.
خۆبەخشی و دانپێدانانی فەرمی زۆربەی مامۆستایانی ئەم قوتابخانانە لە دیاسپۆرا، بەبێ بەرامبەر و خۆبەخشانە وانە دەڵێنەوە. ئەم ناوەندانە وەک رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی تۆمارکراون، بەڵام لە هەندێک وڵاتی وەک ئەڵمانیا و سوێد، زمانی کوردی هەنگاوێکی گەورەی ناوە و لە قوتابخانە دەوڵەتییەکاندا وەک وانەیەکی فەرمی رێگەی پێدراوە و دەخوێندرێت.


