رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق، وردەکاریی گیانلەدەستدانی تۆمەتبارێکی لە پارێزگای نەجەف ئاشکرا کرد، کە پێش دەستگیرکردنی بڕی 40 گرام مادەی هۆشبەری جۆری (کریستاڵ)ـی بە مەبەستی شاردنەوە قووتدابوو.
رۆژی شەممە، 27ی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رووداوەکە لە 25ی ئەم مانگە روویداوە، کاتێک کەسێک سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاریی نەجەفی کردووە و گومانی لێکراوە مادەی هۆشبەری بەکارهێنابێت، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان و پشکنین، دەرکەوتووە کە پشکنینەکەی پۆزەتیڤ بووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنی دانی بەوەدا ناوە کە بۆ ئەوەی پۆلیس پێی نەزانێت، "40 گرام مادەی کریستاڵی لەناو چوار کیسەدا قووتداوە" تاوەکو دواتر لە جەستەی دەربهێنێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، "دوای چەند کاژێرێک لە راگرتنی بە بڕیاری دادوەر، تۆمەتبارەکە تووشی ئازارێکی تووندی کۆئەندامی هەرس بووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی لەلایەن ستافی پزیشکییەوە رێگەی پێدراوە بگەڕێتەوە بۆ بەندیخانە. رۆژی دواتر دووبارە تەندروستیی تێکچووەتەوە و لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە."
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "هەموو قۆناخەکانی دەستگیرکردن و چارەسەری پزیشکی بەپێی بەڵگەنامە و کۆنووسی فەرمی دادگا تۆمارکراون." هاوکات لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هیچ کەمتەرخەمییەک و سزادانی هەر لایەنێک کە بەدواداچوونی پێویستی نەکردبێت.
لە راگەیێندراوەکەدا، ئاماژە بە خێزانی تۆمەتبارەکە کراوە و تێیدا هاتووە، "تۆماری ئەندامانی خێزانی تۆمەتبارەکە چەندین سزای پێشووی تێدایە، باوکی سزای هەشت ساڵ زیندانی، برایەکی سزای زیندانی تاهەتایی و مامێکی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، ئەوەش بەهۆی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا."




.jpg&w=3840&q=75)