رووداو دیجیتاڵ
دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا (USGS) رایگەیاند، رۆژی شەممە 27-06-2026 بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.1 پلە بەپێی پێوەری رێختەر ئەفغانستانی هەژاند و لەرینەوەکەی لە کابولی پایتەخت و ئیسلامئابادی پاکستانیش هەستی پێکرا.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا، چەقی بوومەلەرزەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان و لە قووڵایی 208.3 کیلۆمەتر لە دەریادا روویداوە. لەرینەوەکە بە تووندی لەلایەن هاووڵاتییان لە کابول هەستی پێکراوە، بە جۆرێک باڵەخانەکانی لەراندووەتەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی درزێکی گەورە لەسەر یەکێک لە دیوارەکانی باڵەخانەیەک لە پایتەخت.
بوومەلەرزەکە لە چەندین پارێزگەی جیاوازی ئەفغانستان هەستی پێکراوە، لەوانەش پارێزگاکانی بەڵخ و بەدەخشان لە باکوور کە لەگەڵ تاجیکستان و پاکستان هاوسنوورن. هەروەها لە لای رۆژهەڵاتیشەوە، لە پارێزگەکانی نەنگەرهار و خۆست لەرینەوەکە بە روونی هەستی پێکراوە. تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی قوربانیان یان زیانە مادییەکانی ئەم رووداوە بە فەرمی بڵاونەکراوەتەوە.
بومەلەرزە لە ئەفغانستاندا رووداوێکی باوە، بەتایبەتی لە درێژایی زنجیرە چیاکانی هیندۆکۆش. زۆربەی خانووەکانی ئەم وڵاتە کە زیاتر گوندنشینن، بەهۆی دەیان ساڵ جەنگ و وێرانکارییەوە، بە شێوازێکی خراپ دروستکراون.
جگە لەوەش، لاوازیی تۆڕەکانی پەیوەندی و ژێرخانی خراپ لە ناوچە شاخاوییەکاندا، لە رابردوودا ئاستەنگی گەورەی بۆ تیمەکانی فریاگوزاری دروستکردووە و رێگر بووە لە گەیشتنی دەستبەجێ بە گوندە دوورەدەستەکان بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانەکان.
لە مانگی نیسانی رابردوودا، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.8 پلە لە پارێزگەی بەدەخشان بووە هۆی مردنی 12 کەس.
پێشتریش لە مانگی ئابی ساڵی 2025ـدا، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6.0 پلە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بە تەواوی گوندەکانی سەر شاخی وێرانکرد و بووە هۆی مردنی زیاتر لە 2,200 کەس.
چەند هەفتەیەک دوای ئەوەش، بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.3 پلە لە باکووری ئەفغانستان لانیکەم 27 کەسی کوشت.
.jpg&w=3840&q=75)


