رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە وەڵامێکی توونددا بۆ ئەو هێرشەی کرایە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە کاتی تێپەڕبوونی بەنێو تەنگەی هورمزدا، رۆژی هەینی، 26ـی حوزەیرانی 2026، هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر ئێران.
لە راگەیێندراوێکدا سێنتکۆم باسی لەوە کرد، دوای ئەوەی ئێران لە 25ـی حوزەیران بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا چەندین کۆگای مووشەک و درۆن، هەروەها بنکەی رادارە کەناراوییەکانی ئێرانیان بۆردوومان کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو کەشتییە بارهەڵگرە کە ئاڵای سینگاپووری هەڵگرتبوو، لە کاتی هێرشەکەی ئێراندا لە کەناراوەکانی عومانەوە لە تەنگەی هورمز دەچووە دەرەوە.
سێنتکۆم ئەم کارەی ئێرانی بە "دەستدرێژییەکی بێپاساو" بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان ناو برد و جەختی لەوە کردەوە کە کارەکە "پێشێلکردنێکی روونی ئاگربەستەکەیە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم "رەفتارە مەترسیدارانەی ئێران"، ئازادیی کەشتیوانی تێکدەدەن، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە جووڵەی بازرگانی لەو رێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگەدا روو لە زیادبوونە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی سێنتکۆم بەردەوام دەبن لە هاوئاهەنگیکردن و پاڵپشتیکردنی دەربازبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەکەدا. هاوکات دڵنیایی داوە کە سوپای ئەمریکا لە باری ئامادەیی تەواودایە بۆ دڵنیابوون لەوەی سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران جێبەجێ دەکرێن و بەتەواوی کاریان پێدەکرێت.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە تەنیا هەشت رۆژ بەسەر واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی 14 خاڵیی ئیسلامئاباددا تێدەپەڕێت، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بە جەنگی 107 رۆژەی ناوچەکە.
جەنگی ئێران لە 28ى شوبات دەستیپێکرد، بووە هۆی پەککەوتنی تەنگەى هورمز و بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی وزە.


