رووداو دیجیتاڵ
فڕین بەسەر خاکی دووژمندا هەمیشە مەترسیی گەورەی تێدایە، بەڵام ئەوەی لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ بەسەر ئەفسەرێکی هێزی ئاسمانیی ئەمریکادا هات، تەنیا چیرۆکێکی جەنگی نییە، بەڵکو داستانی مانەوەیە لە ژیاندا لە چنگی مەرگدا.
ئەو ئەفسەرە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی تەنیا بە ناوی نهێنیی (براڤۆ) دەناسرێت، لە یەکەمین هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ بەرنامەی 60 خولەک (60 Minutes)ـی کەنالێ سی بی ئێسی ئەمریکی، چیرۆکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی و مانەوەی بۆ ماوەی 50 کاژێر لە پشت هێڵەکانی دووژمنەوە دەگێڕێتەوە؛ رووداوێک کە خۆی بە "پەرجووی سەردەم" وەسفی دەکات.
ساتەوەختی پێکانەکە: "وەک ئەوەی شەمەندەفەرێک لێم بدات"
رووداوەکە لە 3ـی نیسانی 2026 روویدا، کاتێک براڤۆ و فڕۆکەوانەکەی (کە ناوی نهێنیی 'ئەلفا' بوو)، بە فڕۆکەیەکی جۆری ئێف 15 کە بەهاکەی 31 ملیۆن دۆلارە، بەسەر ئاسمانی ئێراندا دەفڕین. لەناکاو، مووشەکێکی ئێرانی بەر فڕۆکەکەیان دەکەوێت.
براڤۆ ئەو ساتە بەمشێوەیە وەسف دەکات: "پێموایە باشترین رێگە کە توانیبێتم ئەو ساتە وەسف بکەم، وەک ئەوە بوو شەمەندەفەرێک لێم بدات."
لەگەڵ تێکشکانی فڕۆکەکەدا، هەردووکیان بڕیاریان دا خۆیان فڕێ بدەنە دەرەوە. براڤۆ دەڵێت: "ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ رزگارکردنی فڕۆکەکە. روون بوو کە ئەوە مەحاڵە، بۆیە هەر زوو پاش ئەوە خۆمان فڕێدایە دەرەوە و بینیمان بە ئاسمانەوەین بەسەر دڵی ئێراندا."
کەوتنەخوارەوەیەکی ترسناک و پەرەشووتێکی دڕاو
ئەلفا (فڕۆکەوانەکە) بە سەلامەتی بە پەرەشووتەکەی نیشتەوە و هەر هەمان رۆژ لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە رزگار کرا، بەڵام بۆ براڤۆ، چیرۆکەکە لێرەوە دەستی پێکرد. لە کاتی پێکانی فڕۆکەکەدا، پەرەشووتەکەی براڤۆ بەهۆی پارچەی مووشەکەکەوە دڕابوو و زیانی پێگەیشتبوو.
براڤۆ بە خێراییەکی زۆر بەرەو زەوی دەهاتە خوارەوە. ئەو ساتەی بیردەکەوێتەوە و دەڵێ: "پەرەشوتەکەم لە هێرشە سەرەتاییەکەدا زیانی پێگەیشتبوو. لە ساتێکدا کە سەیرێکی سەرەوەم کرد و بینیم هیچ پەرەشوتێک نییە، ئەوە ترسناکترین شت بوو کە لە ژیانمدا بینیبێتم. بۆیە لەو ساتەدا نزام کرد: خوایە گیان، با ویستی تۆ بێت، بەڵام ئەگەر لێرە رزگارم دەبێت، پێویستیم بە یارمەتییە."
شارەزایان پێیانوایە کە براڤۆ بە خێراییەکی نێوان 112 بۆ 160 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بەر زەوی کەوتووە. بەرکەوتنەکە هێندە تووند بوو کە بووە هۆی شکان لە بڕبڕەی پشتی، قۆڵی و شانی، لەگەڵ درزبردنی گۆزینگی و برینداربوونی سەروچاوی. بەڵام موعجیزەکە ئەوە بوو: ئەو هێشتا زیندوو بوو.
هەڵاتن بەرەو لووتکە: "نابێت ببمە هەواڵی تەلەڤیزیۆنی ئێران"
کاتێک براڤۆ بەئاگا هاتەوە، خۆی لە دۆڵێکدا بینییەوە کە چواردەوری بە شاخ و هەڵدێر گیرابوو. دەیزانی کە هێزەکانی ئێران بەدوایدا دەگەڕێن و پێویستە دەستبەجێ شوێنەکەی جێبهێڵێت و بەرەو ناوچەیەکی بەرزتر بڕوات. بە پشتێکی شکاوەوە و تەنیا بە دەمانچەیەک و ئامێرێکی پەیوەندی و ئامێرێکی دیاریکردنی شوێنەوە (GPS)، بەسەر زنجیرە شاخێکی 200 مەتریدا سەرکەوت.
کاتێک پێشکێشکاری بەرنامەکە لێی دەپرسێت: "چۆن ئەو هێزەت دۆزییەوە بۆ ئەوەی بەسەر شاخەکەدا سەربکەویت؟"
براڤۆ گوتی: "هەرگیز مەهێڵە کەمیی پاڵنەر وات لێ بکات بکەویتە سەر شاشەی تەلەڤیزیۆنی ئێران." واتا ترسی ئەوەی نەوەک بە دیلی بکەوێتە دەست ئێران و لە تەلەڤیزیۆنەکانەوە نیشان بدرێت، هێزی ئەوەی پێداوە کە بەو جەستە شکاوەوە رێگە ببڕێت.
پاش ئەوەی گەیشتە شوێنێکی پارێزراو لەناو درزێکی شاخەکەدا، یەکەم پەیامی کورت کە بۆ سەرکردایەتیی سوپای ئەمریکای نارد ئەوە بوو: "خودا باشە."
50 کاژێر خۆشاردنەوە و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەکە
بۆ ماوەی دوو رۆژ (50 کاژێر)، براڤۆ بەبێ ئاو و خواردن، لەناو درزی شاخێکدا خۆی حەشاردا. لەو کاتەدا لە واشنتن، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دەزگەی هەواڵگری (CIA) و هێزە تایبەتەکان بۆ رزگارکردنی رێکدەخرا.
بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا ئەو کارەی بە "دۆزینەوەی دەرزییەک لەناو کادانێکدا" وەسف کرد. سی ئای ئەی لەڕێگەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووەوە شوێنەکەی دیاریکرد و لە هەمان کاتدا هەڵمەتێکی چەواشەکارییان دەستپێکرد بۆ ئەوەی سەرنجی ئێرانییەکان لەسەر شوێنی فڕۆکەوانەکە دووربخەنەوە.
زیاتر لە 90 سەربازی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا (لە نێویاندا هێزی دەلتا و تیمی شەشی سیڵزی دەریایی) بەشدارییان لە رزگارکردنیدا کرد. پێش گەیشتنیان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دەستیان بە بۆردوومانی ناوچەکە کرد بۆ پاککردنەوەی رێگەکە لە هێزەکانی سوپای پاسداران.
کاتێک هێزەکان گەیشتنە لای براڤۆ گرفتێکی گەورە دروست بوو. ئەو دوو فڕۆکە تایبەتەی جۆری MC-130J کە بۆ گواستنەوەی تیمی رزگارکەر و براڤۆ ئامادەکرابوون، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا زیانیان پێگەیشت. ئەمریکا بڕیاری دا دەستبەجێ هەردوو فڕۆکەکە لەناو ببات و بیان تەقێنێتەوە بۆ ئەوەی نەکەونە دەست ئێران، پاشان فڕۆکەی نوێیان نارد و سەرجەم تیمەکە و براڤۆیان بە سەلامەتی هێنایە دەرەوە.
براڤۆ لە کۆتایی چیرۆکەکەیدا گوتی، ئەمە تەنیا چیرۆکی رزگاربوونی کەسێک نییە، بەڵکو چیرۆکی کاری بەکۆمەڵ و باوەڕ و سەرکردایەتییە. گوتی: "ئەمە وەک نموونەیەک لە مێژوودا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە ئەمریکا ئامادەیە چی بکات بۆ ئەوەی بەڵێنەکەی بباتەسەر و هیچ کەسێکی لەدوای خۆی جێنەهێڵێت."


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)