رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا جەنگی ئۆکراینا پێی ناوەتە پێنجەمین ساڵییەوە، بڕیارە ئەم هەفتەیە رووسیا هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیی تووند و کۆنترۆڵکراو بەڕێوەببات. هەڵبژاردنەکە هیچ بژاردەیەکی راستەقینەی ئۆپۆزیسیۆنی تێدا نییە.
پرۆسەی دەنگدانەکە لە 18 تاوەکو 20ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، کە یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022، هەروەها بڕیارە دەنگدان لەو ناوچانەی ئۆکرایناش بکرێت کە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی سوپای رووسیادان.
لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی 450 کورسییەکەی پەرلەمانی دوما، پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان و نەیارانی جەنگ بێبەش کراون. پارتی یابلۆکۆ کە تاکە پارتی دژە جەنگە لە ناوخۆی وڵاتەکە، رێگریی لێکراوە بەشداری بکات.
لە بەرامبەردا، تەنیا ئەو پارتانە رێگەیان پێدراوە کە پاڵپشتیی پووتین و جەنگەکە دەکەن، وەک پارتی رووسیای یەکگرتووی دەسەڵاتدار، کۆمۆنیستەکان، رووسیایەکی دادپەروەر، پارتی ناسیۆنالیستی و پارتی خەڵکی نوێ. بەمەش پێشبینی دەکرێت پارتی دەسەڵاتدار بە ئاسانی زۆرینەی دەنگ بەدەستبهێنێت.
هەڵبژاردنەکە لە کاتێکدایە کە رووسییەکان بەدەست چەقبەستوویی ئابووری و زیادبوونی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئۆکراینا بۆ سەر ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە دەناڵێنن. هاوکات ترسێکی زۆر لەنێو شەقامدا بڵاوبووەتەوە کە رەنگە راستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکان، پووتین فەرمانی قۆناخێکی نوێی بانگهێشتکردنی سەربازی دەربکات، هاوشێوەی ساڵی 2022 کە 300 هەزار کەسی یەدەگ بانگهێشت کران.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
