رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی هەینی رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان لە شەوی رابردوودا 660 درۆنی ئۆکراینییان تێکشکاندوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی رووسیا کە لە رێگەی پلاتفۆڕمی "ماکس"ی حکومییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەم هێرشە بەرفراوانە بەسەر ئاسمانی زیاتر لە دەیان ناوچەی جیاوازدا دابەش بووە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانیان توانیویانە درۆنەکان لە ئاسمانی مۆسکۆی پایتەخت، نیمچە دوورگەی کریمیا، دەریای رەش و دەریای ئازۆڤ تێکبشکێنن.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان هەردوو وڵات چووەتە قۆناخێکی نوێوە و ئۆکراینا بەردەوامە لە بەکارهێنانی درۆنەکان بۆ وەشاندنی گورز لەناو قووڵایی خاکی رووسیا، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر سیستمە بەرگرییەکانی مۆسکۆ.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی رووسیا هیچیان سەبارەت بە زیانەکانی ئەو هێرشە درۆنییانە بڵاونەکردووەتەوە.
شوباتی 2022، جەنگی رووسیا لەگەڵ ئۆکراینا دەستیپێکرد. ئێستا نزیکەی 20٪ی خاکی ئۆکراینا لەژێر کۆنترۆڵی مۆسکۆدایە.




