رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا ئابووریی زۆربەی وڵاتانی دواخستووە، جووتیارانی فستق لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بوونەتە سوودمەندی سەرەکیی ئەم ململانێیە. بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمز و پەککەوتنی هەناردەی ئێران، نرخی فستق لە بازاڕەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە 10 ساڵی رابردوودا.
جۆ کۆیلۆ، جووتیارێکە لە دۆڵی (سان واکین) لە کالیفۆرنیا، خێزانەکەی بۆ چەندین دەیە خەریکی ئاژەڵداری بوون، بەڵام لە ساڵی 2021دا مانگاکانیان فرۆشت و دەستیان کرد بە چاندنی دار فستق.
بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی (Expana)، لە مانگی ئایاردا نرخی کیلۆیەک فستق گەیشتە 10.60 دۆلار، کە ئەمە بەرزترین نرخە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا و جەنگی ئێران رۆڵی سەرەکیی لەم گرانبوونەدا هەبووە.
مێژووی ململانێی فستقی نێوان واشنتن و تاران
فستق لە مێژوودا بەرهەمێکی سەرەکیی ئێران بووە و تاران هەمیشە باڵادەستی بەسەر بازاڕەکاندا هەبووە، بەڵام ململانێ سیاسییەکان رێڕۆی ئەم بازرگانییەیان گۆڕیوە.
لە ساڵی 1979دا جیمی کارتەر، گەمارۆی خستە سەر فستقی ئێرانی و دواتریش لە ساڵانی هەشتاکاندا ئەمریکا باجی بەرێژەی 241%ـی بەسەردا سەپاند.
ئەمە وایکرد جووتیارانی کالیفۆرنیا ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە، بەجۆرێک لە ساڵی 2025دا 60%ـی بەرهەمی فستقی جیهان لە کالیفۆرنیاوە بووە.
کۆیلۆ دەڵێ، فستق لە کالیفۆرنیا ئەوەندە زۆرە، کاتێک لە پشتی بارھەڵگرەکانەوە دەکەوێتە خوارەوە، هەر لەو شوێنەی لێی دەکەوێت شین دەبێت.
شوکولاتەی دووبەی و کاریگەریی جەنگ
لە ساڵانی دواییدا، بڵاوبوونەوەی (شوکوڵاتەی دووبەی) کە بە کرێمی فستق پڕکراوە، خواستێکی یەکجار زۆری لەسەر ئەم بەرهەمە دروست کردووە و نرخەکەی 25% بەرزکردووەتەوە. بەڵام جەنگی ئێران و داخرانی تەنگەی هورمز، گورزێکی کوشندەی لە هەناردەی ئێران دا؛ بەجۆرێک هەناردەی فستقی ئەو وڵاتە لە مانگی ئایاردا 31% کەمی کردووە.
کۆیلۆ، کە نەیاری دۆناڵد ترەمپە، دەڵێ: "کەس بە جەنگ دڵخۆش نییە، بەڵام ئەم ململانێیە بەشێکی زۆری دابینکردنی فستقی جیهانی پەکخستووە و رێگەی بۆ ئێمە کردەوە تاوەکو ئەو بۆشاییە پڕ بکەینەوە."
مەترسییەکانی داهاتوو و گۆڕانی کەشوهەوا
داهاتووی جووتیارانی کالیفۆرنیا رووبەڕووی مەترسیی بووەتەوە. ئەگەر ئاشتیی بەرقەرار بی، فستقی ئێرانی دەگەڕێتەوە بازاڕەکان، چونکە زیانێکی زۆر بەر باخەکانی ئێران نەکەوتووە.
هەروەها بەهۆی شەپۆلێکی گەرمای تووند لە بەهاردا، بەشێکی زۆری بەرهەمی ئەم ساڵی کالیفۆرنیا سووتاوە. ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی چەرەزات و میوەی وشککراوە پێشبینی دەکات بەرهەمی جیهانیی لە ساڵی 2026دا بە رێژەی یەک لەسەر سێ کەم ببێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

