رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی راستڕۆی تووندڕەوی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا داوا لە ئۆکراینی و سووریاییەکانی وڵاتەکەی کرد ئەڵمانیا جێبێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
ئەلیس ڤایدێل، سەرۆکی پارتی راستڕۆی تووندڕەوی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی AUF1ی نەمسایی کە رۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، رەخنەی لە بارگرانیی دارایی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ پەنابەرانی ئۆکراینی لە ئەڵمانیا گرت و گوتی: "زیاتر لە یەک ملیۆن ئۆکراینی لە ئەڵمانیا هاوکاریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن. لە راستیدا ئەمە جێگەی باوەڕپێکردن نییە و لە رووی داراییەوە چیدیکە بەرگەی ئەمە ناگیرێ."
ڤایدێل گوتیشی: "پێویستە ئەم ئۆکراینییانە بگەڕێنەوە، بەتایبەت ئەو گەنجە ئۆکراینییانەی لە تەمەنی سەربازیدان - ئێمە باس لە ژمارەیەکی شەش خانەیی دەکەین - پێویستە ئەو گەنجانە بە رێزەوە بگەڕێنەوە."
سەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا داوای لەو سووریاییانەش کرد کە نیشتەجێی ئەڵمانیان بگەڕێنەوە سووریا و گوتی: "بۆ ئەو هاووڵاتییە سوورییانەی هاتوونەتە لای ئێمە، هەر کاتێک هۆکاری هەڵاتن لە وڵاتی بنەڕەتییان نەما، دەبێت بگەڕێنەوە."
ڤایدێل باسی لەوە کرد کە مافی مانەوە مافێکی کاتییە و کاتێک هۆکارەکانی نەمان، دەبێت خەڵک بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان، نەوەک ئەوەی وڵاتینامەی ئەڵمانییان پێبدرێ.
سەرۆکی پارتە راستڕۆ تووندڕۆکە جەختی لەوە کردەوە، لەژێر سایەی حکومەتێکدا کە پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا سەرکردایەتی بکات، چاوەڕوان دەکرێ هاووڵاتییانی سووریا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان لەبری ئەوەی بۆ هەمیشە لە ئەڵمانیا بمێننەوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر حکومەتیان بکەوێتە دەست، پێداچوونەوە بە پێدانی وڵاتینامە بە هاووڵاتییانی سووریادا دەکەن بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا مەرجەکان بە تەواوی جێبەجێ کراون یان نا، چونکە وەک باسی کرد، پارتەکەیان "گومانی زۆری" لەبارەی بەشێک لە کەیسەکان هەیە.


