رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە ڤەنزوێلا، لانیکەم 164 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 970 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ کارەساتەکە بووەتە هۆی داڕمانی چەندین باڵەخانە و داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی وڵاتەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026، دێلسی رۆدریگز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، رایدەگەیێنێت کە ژمارەی قوربانیانی دوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی ئێوارەی چوارشەممە بە خێرایی لە هەڵکشاندایە. بەپێی ئامارە نوێیەکان، 164 کەس گیانیان لەدەست داوە و 970 کەسیش بریندارن، کە زۆربەیان خەڵکی ویلایەتی (لا گوایرا)ـن لە باکووری کاراکاسی پایتەخت.
بەپێی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا، یەکەم بوومەلەرزە بە گوڕی 7.2 پلە لە کاژێر 1:00ی شەو (بە کاتی هەولێر) و بوومەلەرزەی دووەم تەنیا خولەکێک دواتر بە گوڕی 7.5 پلەی رێختەر روویان داوە. ئەم بوومەلەرزەیە بە بەهێزترین لەرزین لە ڤەنزوێلا دادەنرێت لە ساڵی 1900ـەوە.
وێرانیی باڵەخانەکان و پەککەوتنی گەشتەکان
لە گەڕەکی (ئەلتامیرا) لە کاراکاس، باڵەخانەیەکی 22 نهۆمی بە تەواوی وێران بوو، هەروەها لە شاری (کاتیا لا مار) کارەبا بڕاوە و چەندین خێزان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا گیریان خواردووە. دێلسی رۆدریگز ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نزیک کاراکاس بەهۆی "زیانی جیدی" و کەوتنی سەقفی تێرمیناڵەکان داخراوە، ئەمەش کاری فریاگوزاریی قورستر کردووە و چیدیکە گەشتەکان ئەنجام نادرێن.
دیۆسدادۆ کابێلۆ، وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا، داوای لە هاووڵاتییان کرد ماڵەکانیان جێبهێڵن و رایگەیاند کە هێڵەکانی گازیان بۆ چەندین ناوچە بڕیوە تاوەکو رێگری لە تەقینەوە و رووداوی دیکە بگرن.
کاردانەوە و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" هاوسۆزیی بۆ گەلی ڤەنزوێلا دەربڕی و رایگەیاند: "ئەمریکا ئامادەیە و فەرمانی بە هەموو ئاژانسەکان کردووە بە خێرایی بجووڵێن." مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختی کردەوە کە سوپای ئەمریکا رۆڵێکی لۆجیستیی گەورە لە گەیاندنی هاوکارییەکاندا دەگێڕێت.
تام فلێچەر، بەرپرسی فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند رێکخراوەکەیان بە تەواوی ئامادەیە بۆ پشتگیریکردنی ڤەنزوێلا و داوای "هەوڵێکی بەکۆمەڵی مەزن"ی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی شوێنەوارەکانی ئەم کارەساتە. وڵاتانی وەک فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، چین، هیندستان و بەرازیل ئامادەییی خۆیان بۆ ناردنی تیمی رزگارکردن نیشان داوە.
ئەم بوومەلەرزەیەی ئێستا کە لە کۆڵۆمبیاش هەستی پێکراوە، قەیرانێکی نوێی بۆ حکومەتە کاتییەکەی رۆدریگز دروست کردووە. وڵاتەکە پێشتریش رووبەڕووی بوومەلەرزەی وێرانکەر بووەتەوە، لەوانە لە ساڵی 1967دا لە کاراکاس کە تێیدا 236 کەس گیانیان لەدەست دا و، لە ساڵی 1997دا کە 73 کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە گیانیان لەدەست دا.
.jpg&w=3840&q=75)


