رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی دوو بوومەلەرزە بەهێزەکەی وڵاتەکەی گەیشتووەتە 32 مردن و زیاتر لە 700 بریندار، ئەمەش دوای ئەوەی بوومەلەرزە بەهێزەکان بوونە هۆی داڕمانی چەندین باڵەخانە و دروستکردنی شۆک و دڵەڕاوکێی بەرفراوان.
رۆژی پێنجشەممە 25-06-2026، دێلسی رۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا کە باری نائاسایی لە وڵاتەکەدا راگەیاندووە، لە گوتارێکدا بۆ گەلی وڵاتەکەی رایگەیاند: "تاوەکو ئەم کاتە، راپۆرتی مردنی 32 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 700 کەسمان پێگەیشتووە." رۆدریگێز ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا داتای تەواویان لەبارەی ناوچەی (لا گوایرا)ـەوە پێ نەگەیشتووە کە یەکێکە لە زیانمەندترین ناوچەکان و دەکەوێتە نزیک کاراکاسی پایتەخت.
رۆدریگێز پێشتریش رایگەیاندبوو، 20 پاشلەرزە لە دوای دوو بوومەلەرزە سەرەکییەکە بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلەی رێختەر روویانداوە، بەپێی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریکا (USGS) چەقەکەیان لە هەمان ناوچەی ڤەنزوێلا بووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە (Truth Social) هاوسۆزیی خۆی دەربڕی و نووسی: "ئەو دوو بوومەلەرزە گەورەیەی کە لەم دواییانەدا لە گەلە مەزنەکەی ڤەنزوێلایاندا، لە رووی قەبارەوە زەبەلاح بوون و ژمارەیەکی وێرانکەری گیانلەدەستدانیان لێکەوتووەتەوە."
ترەمپ هەروەها گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیە، خوازیارە و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. فەرمانم بە هەموو ئاژانسەکانی حکومەتەکەمان کردووە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی بە خێرایی بجووڵێن."
باڵەخانەیەکی 22 نهۆمی لە گەڕەکی ئەلتامیرای پایتەخت بە تەواوی وێران بوو، کە تێیدا خۆبەخشەکان بەسەر تەرمەکاندا دەگەڕان بۆ دۆزینەوەی رزگاربووان.
بەگوێرەی (USGS)، یەکەم بوومەلەرزە کە چەقەکەی 21 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شارۆچکەی مۆرۆن بوو لە باکووری وڵاتەکە، لە کاژێر 01:04 شەو بەکاتی هەولێر بە قووڵایی 22 کیلۆمەتر روویدا و تەنیا لە ماوەی خولەکێکدا بومەلەرزەیەکی بەهێزتر بە گوڕی 7.5 پلە لە دووریی 45 کیلۆمەتر لێیەوە روویدا. یەکەم بوومەلەرزە بە قووڵایی 22 کیلۆمەتر و دووەمیشیان بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر بووە.
دیۆسدادۆ کابێلۆ، وەزیری ناوخۆی ڤەنزوێلا داوای لە خەڵک کرد ماڵەکانیان جێبهێڵن و رایگەیاند، هێڵەکانی گواستنەوەی گاز بۆ چەندین باڵەخانە وەک رێکارێکی خۆپارێزی بڕاون. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مایکێتیا لە نزیک کاراکاس بەهۆی "زیانی جیدی" بە ژێرخانەکەی داخرا. ویلایەتەکانی تروخیۆ، کارابۆبۆ، میراندا و لا گوایرا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
بوومەلەرزەکە لە بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیاش هەستی پێکراوە. فرێدی تۆڤار، هاوئاهەنگیکاری تۆڕی نیشتمانیی بومەلەرزەزانی کۆڵۆمبیا رایگەیاند، زیاتر لە 200 راپۆرتی لەرزینیان پێگەیشتووە. ئاژانسی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی کۆڵۆمبیا (UNGRD) و ناوەندی نیشتمانیی ئاگادارکردنەوەی سوونامیی ئەمریکا ئەگەری دروستبوونی سوونامییان لە دوای بوومەلەرزەکە رەتکردەوە.
لەسەر ئاستی مێژوویی، بەهێزترین بوومەلەرزە لە مێژووی ڤەنزوێلادا لە ساڵی 1997 لە باکووری رۆژهەڵات بوو، کە مردنی 73 کەسی لێکەوتەوە، هەروەها لە ساڵی 1967 لە کاراکاس بوو کە تێیدا 236 کەس گیانیان لەدەستدا.



.jpg&w=3840&q=75)