رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گومانی خستە سەر تێوەگلانی وڵاتەکەی لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر قوتابخانەیەکی ئێران لە یەکەم رۆژی جەنگی ئێران و رایگەیاند، لەو کاتەدا "مووشەکەکان لە هەموو لایەکەوە دەفڕین."
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، رۆژی 28ـی شوبات [یەکەم رۆژی جەنگ]، بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر قوتابخانەیەک لە شاری میناب لە باشووری ئێران، 73 کوڕ، 47 کچ، 26 مامۆستا، حەوت دایکوباوک، شوفێری پاسێکی قوتابخانە و کەسێکی دیکەی سڤیل کە تێکڕا دەکاتە 155 کەس، کوژران.
رۆژی پێنجشەممە 25-06-2026، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەوەی روویدا ترسناکە، بەڵام مووشەکەکان لە هەموو لایەکەوە دەفڕین. کەسێک گوتی ئەوە مووشەکی ئێمە بووە، بەڵام رەنگە مووشەکی ئێمە نەبووبێت. من هیچ شتێکم نەبینیوە وا بکات باوەڕ بکەم کە مووشەکی ئێمە بووە."
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ گوتی: "بەڕێز سەرۆک، ئێمە لێکۆڵینەوەکەمان زۆر بە جیدی وەرگرتووە، کاتێک کاتی گونجاو هات، ئەنجامەکە هەرچییەک بێت، ئاشکرا دەکرێ."
ئەمریکا تاوەکو ئێستا خۆی بەدوورگرتووە لە گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتیی ئەم کارەساتە. ترەمپ سەرەتا بانگەشەی کردبوو، رەنگە ئێران خۆی هێرشی کردبێتە سەر قوتابخانەکە چونکە "ئەوان چەکەکانیان وردپێکێن نین."
لە مانگی ئایار، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) بە کۆنگرێسی راگەیاندبوو، سوپا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان پاش تەواوبوونیان بڵاو دەکاتەوە و ئاماژەی بەوە کردبوو کە لێکۆڵینەوەیەکی "ئاڵۆز" لە ئارادایە.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز پێشتر بڵاویکردبووەوە، قوتابخانەکە بە مووشەکی کڕووزی (تۆماهۆک)ـی ئەمریکی پێکراوە، کە چەکێکە ئێران نییەتی. کەناڵی سی ئێن ئێنیش پێشتر پشتڕاستیکردبووەوە، ئەمریکا بەرپرسیارە لەو هێرشە.
دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دوای هێرشەکەوە رێوشوێنی لێپرسینەوەیان دژی هێگسەس دەستپێکرد. هەروەها هەفتەی رابردوو، دیموکراتەکانی ئەنجوومەنی پیران هەڕەشەی راگرتنی بودجەی گەشتەکانی وەزیری جەنگیان کرد تاوەکو ئەو کاتەی "راپۆرتی تەواو و بێ سانسۆری لێکۆڵینەوەی زیانەکانی سەر هاووڵاتییانی سڤیل" پێشکێش دەکات، بە تایبەتی بۆ قوتابخانەی میناب.
.jpg&w=3840&q=75)


