رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە (13-09-2026)، دەنگدەرانی سوێد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنێکی گشتیی چارەنووسساز و پڕ ململانێدا روویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد؛ هەڵبژاردنێک کە پێشبینی دەکرێت یان بۆ یەکەمجار پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆ بباتە ناو حکومەتەوە، یان ئۆپۆزیسیۆنی چەپ بگەڕێنێتەوە سەر دەسەڵات.
بنکەکانی دەنگدان کاژێر 8:00ـی شەو بە کاتی ستۆکهۆڵم (9:00 بەکاتی هەولێر) دادەخرێن، بڕیارە راستەوخۆ دوای داخستنی سندووقەکان ئەنجامی بەرایی بڵاوبکرێتەوە و چەند کاژێرێک دواتریش ئەنجامی فەرمیی دەنگەکان رابگەیێنرێن.
ئولف کریستەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی پارێزگار (پارتی مۆدێرات) گەشبینیی خۆی نیشاندا کە هاوپەیمانییە چوار قۆڵییەکەی بەرەی راستڕۆ، کە پارتی دیموکراتەکانی سوێدی راستڕۆی تووندڕۆش لەخۆدەگرێت، سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. کریستەرسۆن بەڵێنی داوە ئەگەر بلۆکەکەیان بیباتەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا پۆستی وەزاری بداتە ئەو پارتە دژە کۆچبەرە.
لە بەشێکی زۆری کاتی بانگەشەکاندا، راپرسییەکان ئاماژەیان بە پێشەنگیی بلۆکی چەپی ئۆپۆزیسیۆن دەکرد بە سەرۆکایەتیی ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات، بەڵام لە رۆژانی کۆتاییدا جیاوازیی نێوان هەردوو بەرەکە یەکجار کەم بووەوە و کێبڕکێکە زۆر تووند بوو.
ماگدالینا ئەندەرسۆن، دوای ئەوەی لە بنکەیەکی دەنگدان لە شاری (ناکا) دەنگی دا، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێستا لە دەستی گەلی سوێددایە بڕیار بدەن وڵاتەکەمان بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات. ئایا دەمانەوێت حکومەتێکمان هەبێت کە بەتەواوی لەژێر هەژموونی دیموکراتەکانی سوێددا بێت کە پێشتر هەرگیز شتی وا رووینەداوە؟ یان حکومەتێکمان دەوێت بە سەرۆکایەتیی من، کە سوێد بە رۆحیەتێکی نوێی هاوکارییەوە بەڕێوەببات؟"
پارتەکەی ئەندەرسۆن بەڵێنی داوە سیستمی خۆشگوزەرانیی وڵات بەهێزتر بکات و یارمەتیی ئەو خێزانانە بدات کە بەدەست گرانبوونی تێچووی ژیانەوە دەناڵێنن.
لەلایەکی دیکەوە، کریستەرسۆنی سەرۆکوەزیران بەڵێنی داوە تیشک بخاتە سەر باشترکردنی ژیانی رۆژانەی سوێدییەکان و رایگەیاندووە، رێکارە تووندەکانی حکومەتەکەی دژی تاوانی رێکخراو و کۆچبەران خەریکە ئەنجامی دەبێت. کریستەرسۆن بەر لە دەنگدان بە بەکارهێنانی دروشمە بەناوبانگەکەی دۆناڵد ترەمپ گوتی: "دەمانەوێت سوێد بکەینەوە وڵاتێکی مەزن."
پارتی دیموکراتەکانی سوێد (SD) لە هەڵبژاردنی رابردوودا بووە گەورەترین پارتی بەرەی راستڕۆ. جیمی ئۆکیسۆن، سەرۆکی پارتەکە لە دوایین رۆژی بانگەشەدا بە متمانەبەخۆبوونەوە بە لایەنگرانی گوت: "ئێمە هەر لە ئێستاوە بردوومانەتەوە! سوێد خەریکە سەلامەتتر، باشتر و سوێدیتر دەبێت."
پارتەکە لە بانگەشەکاندا دروشمی "سوێد بکەینەوە بە سوێد"ـی بەکارهێنا و چەندین ریکلامی جێی مشتومڕی بڵاوکردەوە، لەوانە ریکلامێکی سەر پاسەکان کە نووسرابوو: "بیرت لای مۆگادیشۆیە [پایتەختی سۆماڵ]؟ هاوکاریت دەکەین بچیتەوە ماڵەوە."
گرێتا توونبێرگ، چالاکڤانی سوێدیی بواری کەشوهەوا، داوای لە دەنگدەران کرد دەنگ بە لادانی بەرەی راستڕۆ بدەن و لە ئینستاگرام نووسی: "هیچ فاشیزمێک لە حکومەتەکەماندا جێی نابێتەوە، ئێستا کاتی دادپەروەریی کەشوهەوایە."
لە کۆی 10.6 ملیۆن دانیشتووی سوێد، نزیکەی 8 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بەپێی ئامارەکان 3.6 ملیۆن کەس (نزیکەی نیوەی دەنگدەران) لە رۆژانی رابردوودا پێشوەختە دەنگیان داوە. دەنگدەرانیش دەڵێن، گرنگترین پرسەکانی ئەم هەڵبژاردنە بریتین لە تەندروستی، یاسا و ئاسایش، کۆچبەران، ئابووری و کەشوهەوا.



