رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، سوێد یەکێک لە هەستیارترین هەڵبژاردنە گشتییەکانی مێژووی خۆی بۆ پەرلەمان (ریکسداگ)، هەرێمەکان و شارەوانییەکان بەڕێوەدەبات. لە کاتێکدا ململانێی نێوان بەرەی چەپ و راستڕۆ یەکجار تووندە، تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرنامەی (دیاسپۆرا)ـوە رووماڵێکی چڕ و فراوانی پرۆسەکە دەکات و هەڤپەیڤینی تایبەتی لەگەڵ دیارترین بەربژێرانی کورد، سیاسەتڤانانی سوێد و رەوەندی کوردی کردووە.
کێشە سەرەکییەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە دەوری سێ تەوەر دەسووڕێنەوە: ئابووری (کە رێژەی بێکاری گەیشتووەتە 7.8٪)، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادبوونی تاوان کە لە یەک ملیۆنەوە لە ساڵی 2010 بۆ 1.5 ملیۆن لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە.
بەربژێرانی کورد
پارتی سۆسیال دیموکرات کە زۆربەی بەربژێرانی کوردی لەخۆگرتووە، چاوی لە گەڕانەوەیە بۆ دەسەڵات. بەرنامەی دیاسپۆرا هەڤپەیڤینی لەگەڵ ژمارەیەک لەو بەربژێرانە کردووە:
قادر کاسرگا: پەرلەمانتار و بەربژێری ژمارە 5 بۆ پەرلەمان، لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ دیاسپۆرا گوتی، لە ئەگەری پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتیی ماگدالینا ئەندەرسۆن، چانسێکی زۆر گەورە هەیە کوردێک ببێتە وەزیر.
کاسرگا ئاماژەی بە ناوی (لاوین رێدار) کرد کە گوتەبێژی پارتەکەیانە بۆ کاروباری تێکەڵکردن، وەک بەربژێرێکی بەهێز بۆ ئەو پۆستە. کاسرگا هیواشی خواست تاوەکو ساڵی 2030 ژمارەی بەربژێرانی کورد بگاتە 300 بۆ 400 کەس.
هانا ئەمین: کچە بەربژێری تەمەن 25 ساڵ، بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند، گەنجانی ستۆکهۆڵم بەدەست قەیرانی نیشتەجێبوونەوە دەناڵێنن؛ بە جۆرێک لە کۆی 10 گەنج، 9 کەسیان دەیانەوێت ببنە خاوەنی ماڵی خۆیان، بەڵام نرخەکان زۆر گرانن.
هانا رەخنەی لە حکومەتی راستڕۆ گرت کە تەنیا خزمەتی دەوڵەمەندانی کردووە، هەروەها گوتی، نابێت سزای ئەو کۆچبەرانە بدرێت کە کار دەکەن و فێری زمان دەبن، گوتیشی، نابێت کەسانی تیرۆریست پاسپۆرتی سوێدییان هەبێت.
سەیران عەسکەری: زیاتر لە دەیەیەکە لەو پارتەدایە و بۆ هەر سێ ئاستی پەرلەمان، هەرێم و شارەوانی بەربژێرە. عەسکەری بەرپەرچی راستڕۆکان دەداتەوە کە هەموو کێشەکانی تاوان و بێکاری دەخەنە ئەستۆی کۆچبەران و "قژڕەشەکان." سەیران هەروەها دژی بەتایبەتکردنی کەرتی تەندروستی و پەروەردەیە.
کۆچەر وەڵەدبەگی: جەخت لە پاراستنی سیستمی خۆشگوزەرانیی گشتی دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆی پێنج ملیۆن کارمەند لە سوێد، 1.3 ملیۆنیان کۆچبەرن، وڵاتەکە هێشتا پێویستی بە 61 هەزار کارمەندی دیکەیە. وەڵەدبەگی دەیەوێت لە رێگەی پەروەردەوە رێگری لە منداڵانی 7 بۆ 10 ساڵان بکات تووشی تاوان بن.
کیژان کەریمی: پارێزەر لە ئۆپسالا و بەربژێری پەرلەمان، باس لە چارەسەرکردنی کێشەی گەنجانی نەوەی دووەم و سێیەمی کۆچبەران دەکات کە هەست بە پەراوێزخستن دەکەن. کەریمی دەڵێت، نابێت منداڵێک بەهۆی ناوی خۆی یان رەچەڵەکییەوە هەست بکات لە دەرەوەی کۆمەڵگەیە.
بەرنامەکانی پارتی سەوز و چەپ لە رێگەی شاشەی رووداوەوە
شوان کەریم (پارتی سەوز): ئەم بەربژێرەی بازنەی ستۆکهۆڵم بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند، پڕۆژەیەکی ئەکادیمیی هەیە بە ناوی (لە دارستانەکانی سوێدەوە بۆ شاخەکانی کوردستان) بۆ گواستنەوەی ئەزموونی پاراستنی ژینگە بۆ باشووری کوردستان. شوان کەریم گوتی، پارتی سەوز هەمیشە پشتگیریی لە مافی بڕیاردانی چارەنووسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کردووە.
نووژین ئالاباجاک (پارتی چەپ): بەربژێری ژمارە یەک لە شارەوانیی هودینگە، بە رووداوی گوت، توانیویانە 17 چاکسازی بکەن، لە دیارترینیان چەسپاندنی مافی خوێندنی زمانی دایکە بۆ منداڵانی کورد (کاژێرێک لە هەفتەیەکدا)، تەنانەت ئەگەر لە قوتابخانەیەکدا تەنیا یەک منداڵی کوردیش هەبێت.
لیبراڵەکان و داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سوێد
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی بەرنامەی دیاسپۆرادا، فرێدریک ماڵم، پەرلەمانتاری دێرینی پارتی لیبراڵ و دۆستی نزیکی کورد، قسەی لەسەر پاشەکشەی پارتەکەی کرد و رایگەیاند، مانەوە لە دەسەڵات و دانوستاندن لەگەڵ راستڕۆکان باجەکەی قورس بووە.
ماڵم کە دوای 20 ساڵ خزمەت، ئەم ساڵ خۆی بەربژێر نەکردووەتەوە، هۆشداریی دا، ئێستا مەترسیی سەرەکی لەسەر کوردستان لەلایەن درۆنەکانی ئێران و میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوەیە.
ماڵم پێشنیازی کرد، باشترین رێگە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان، کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە بەغدا و دروستکردنی پەیوەندیی راستەوخۆی ئابووری و بازرگانییە لەگەڵ ئەورووپا و کۆمپانیا سوێدییەکان، بەتایبەتی کە سوێد نوێنەرایەتی لە هەولێر هەیە. هەروەها ئاماژەی بە (گوڵان ئاڤجی) کرد کە کوردە و ئێستا سەرۆکی پارتی لیبراڵە لە ستۆکهۆڵم.
دەنگی کۆمەڵگە
رووداو سەردانی کۆمەڵەی بەساڵاچووانی کوردی لە ستۆکهۆڵم کرد. پیرۆت قادر، سەرۆکی کۆمەڵەکە، بە رووداوی گوت، ئەو ناوەندە شوێنێکی بێوێنەیە بۆ دەردەدڵی و گفتوگۆی سیاسیی بەساڵاچووان.
بەشداربووانی ئەو ناوەندە رەخنەی تووندیان لە گرانبوونی ژیان و سەختیی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانە و قوتابخانەکان گرت لە سەردەمی حکومەتی راستڕۆکاندا، هاووڵاتییان هانی یەکدی دەدەن کە دەنگ بە سۆسیال دیموکراتەکان و چەپەکان بدەن وەک دۆستی دێرینی کۆچبەران و کورد.
سەلام جزیری، کەسایەتیی دیاری ناوەندەکە، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی بە ئەرکێکی نیشتمانی وەسف کرد.
لەلایەکی دیکەوە، گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە وایکردووە چاودێرانی هەرێمی کوردستانیش بەشداری بکەن. شۆڕش قادر رەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوێد، بە رووداوی راگەیاند، بۆ ئەم هەڵبژاردنە، چاودێرانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان گەیشتوونەتە سوێد بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە، کە ئەمەش پێچەوانەبوونەوەی ئەو نەریتەیە کە پێشتر سوێد چاودێری بۆ هەڵبژاردنەکانی کوردستان دەنارد.



