رووداو دیجیتاڵ
بەپێی تازەترین ئامارە فەرمییەکانی نووسینگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەران لە ئەڵمانیا، ژمارەی داواکارییە نوێیەکانی پەنابەری لە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووە، بەڵام هاوکات رێژەی قبووڵکردنی داواکارییەکان دووبارە رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
بە گوێرەی ئاماری نووسینگەکە کە رۆژی یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، 39 هەزار و 646 کەس بۆ یەکەمجار داواکاریی پەنابەرییان لە ئەڵمانیا پێشکەش کردووە، کە ئەمەش دابەزینێکی خێرا نیشان دەدات بەراورد بە 72 هەزار و 818 داواکاری کە لە هەمان ماوەی پاردا تۆمارکرابوون.
لە بەرامبەردا 47.4٪ی داواکارییەکانی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ قبووڵکراون، لە کاتێکدا رێژەی قبووڵکردن لە تەواوی ساڵی 2025دا 37.5٪ بووە. خێزانە داواکارەکانی پەنابەری سەرکەوتنی تایبەتیان بەدەستهێناوە و 45.6٪ی بڕیارە ئەرێنییەکانیان پێکهێناوە.
رێژەی قبووڵکردنی داواکاریی خەڵکی ئەفغانستان کە سەرەکیترین وڵاتە لەو رووەوە، نیوەی یەکەمی ساڵدا گەیشتووەتە 89.3٪. لەم ماوەیەدا، پاراستن و پەنابەری بۆ 95٪ی کەیسەکانی ژنانی ئەفغانی بڕیاری ئەرێنیان لەسەر دراوە.
ئەم بەرەوپێشچوونە دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی دادگەی دادپەروەریی ئەورووپا لە ساڵی 2024، کە تێیدا راگەیێنرا بوو ژنانی ئەفغان بەگشتی شایستەی پاراستنن چونکە لەژێر دەسەڵاتی رژێمی تاڵیباندا لەژێر مەترسیی چەوسانەوە و راوەدوونانی جێندەریدان.



