رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ بە رووداوی راگەیاند، 82.2 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئاوارەن و زۆرترینیشیان لە سوودانن کە ژمارەیان 9.1 ملیۆن کەسە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، 28٪ی ئاوارەکانی جیهان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقان.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی بەشی ئینتەیکی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "82.2 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئاوارەن و زۆرترینی ئاوارەکانیش لە سوودانن کە ژمارەیان 9.1 ملیۆن کەسە".
بە گوێرەی رێکخراوەکە، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقادا 23.3 ملیۆن ئاوارە هەن کە 28٪ی ژمارەی ئاوارە تۆمارکراوەکانی جیهان دەکات. ژمارەی ئاوارەکان لەو ناوچەیە 21٪ واتە 4.9 ملیۆن کەس لە ساڵی 2024 کەمترە، ئەمەش بەهۆی گەڕانەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی ئاوارەکان لە سوودان، سووریا و لوبنان.
رێکخراوەکە ژمارەیەک وردەکاری سەبارەت بە ئاوارەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا بە رووداو داوە و دەڵێت، لە سوودان، سووریا، یەمەن و "ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین" 21.9 ملیۆن ئاوارە هەن کە دەکاتە 94٪ی ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا و 27٪ی جیهان.
رێکخراوەکە ئاماژەی بە ژمارەی ئەو قوربانییانە کرد کە لە رێگەی دەریای نێوەڕاست و بۆ گەیشتن بە وڵاتی دڵخوازیان گیانیان لەدەستداوە و دەڵێت، ئەم ساڵ هەزار و 733 کەس گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشووێن بوون، لە کاتێکدا پار ژمارەکە دوو هەزار و 185 کەس بوو.



