رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی ئیتاڵیا رۆژی باری نائاسایی سووری بەهۆی شەپۆلێکی تووندی گەرماوە لە 15 شاری وڵاتەکەدا، لەنێویاندا میلان و رۆما، راگەیاند و ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی کرد لە گەرمترین کاتەکانی رۆژدا لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە، ژمارەی ئەو شارانەی باری نائاسایی سووریان تێدا رادەگەیێندرێت، رۆژی چوارشەممە بۆ 16 شار و رۆژی پێنجشەممە بۆ 17 شار بەرز دەبێتەوە. لە کاتی باری نائاسایی تەندروستیدا، رێکخراوەکە داوا دەکات هاووڵاتییان پشوو وەربگرن، خۆیان فێنک بکەنەوە و رێنماییە پزیشکییەکان جێبەجێ بکەن.
بەپێی رێنماییەکان، لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، پێویستە فێنککەرەوەکان بەکاربهێنرێن. وەزیری تەندروستیی ئاماژەی بەوە کرد، رێژەی مردن بەهۆی لێدانی خۆر و ماندووبوونی بەر گەرماوە زیاد دەکات، بەتایبەتی بۆ نەخۆشەکان و بەساڵاچووان.
بەهۆی زیادبوونی لەڕادەبەدەری بەکارهێنانی سپلیت و ئامێرەکانی فێنککەرەوە لەم گەرمایەدا، بڕانی کارەبا لە هەردوو شاری میلان و تورین تۆمارکراوە و تۆڕەکانی کارەبا تووشی کێشەی تەکنیکی بوونەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، بەشی خزمەتگوزاریی پزیشکیی نەخۆشخانەی پارما لە باکووری ئیتاڵیا رایگەیاندووە، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە گەرمایەوە، هەزار و 68 کەس سەردانی بەشەکانی فریاکەوتنی خێرایان کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
لە رۆمای پایتەخت، کۆمەڵەی پزیشکان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (کۆریێرێ دێلا سێرا) رایانگەیاندووە، حەوت کلینیکی گشتیی تەندروستی سپلیتەکانیان تێکچووە یان بە تەواوی بێ سپلیتن.
هەروەها دەستەی گواستنەوەی گشتیی پایتەخت (Atac) بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، پاتریی پاسە کارەباییە نوێیەکان بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی سپلیتەوە خێراتر لە دۆخی ئاسایی دادەبەزن و کێشەیان بۆ گواستنەوە دروستکردووە. دەستەی (Atac) گوتی: "خەریکی رێکخستنی خزمەتگوزارییەکانمانین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم شەپۆلە گەرمایە نائاساییە."


.jpg&w=3840&q=75)
