رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی و بۆ هەمیشە بە بەرزترین ئاستی پشکنینە ئەتۆمییەکان رازی بووە، کە ئەمەش "راستگۆیی ئەتۆمی" مسۆگەر دەکات.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەهۆی سازشە گەورەکانی ئێران، تەنگەی هورمز بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام هاوکات کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە شوێنی خۆیاندا دەمێننەوە.
رۆژی سێشەممە 23-06-2026، دۆناڵد ترەمپ نووسی، "وێڕای رەخنەگرتنی تووندی رەخنەگران و دەهۆڵ کوتینی هەواڵە ساختەکان کە دەیانەوێت سەرکەوتنی ئەمریکا بچووک و بێبایەخ نیشان بدەن، ئێران بە پشکنین رازیبووە. ئەگەر ئێران بەمە رازی نەبووایە، هیچ دانوستاندنێکی دیکە نەدەکرا."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، لەسەر بنەمای ئەمە و ئەو سازشە گەورانەی دیکە کە لەلایەن ئێرانەوە دەکرێن، رازی بووە بە مانەوەی تەنگەی هورمز بە کراوەیی و لادانی گەمارۆی دەریایی. بەڵام هۆشداریشی دا "هەموو کەشتییەکان لە شوێنی خۆیاندا دەمێننەوە ئەگەر پێویست بێت گەمارۆکە دووبارە جێبەجێ بکرێتەوە، کە لەم کاتەدا پێدەچێت ئەگەرێکی زۆر کەم بێت."
سەبارەت بە مەرجەکانی ئازادکردنی پارە و سوودمەندبوون لە هەڵپەساردنی سزاکان لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە، ترەمپ دووپاتی کردەوە، ئەو بڕە پارانە راستەوخۆ ناچنە ژێر کۆنترۆڵی تاران، بەڵکو "دەچنە نێو هەژمارێکی پارێزراوەوە (escrow) کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە کۆنترۆڵ دەکرێت." ترەمپ نووسی، ئەم پارانە تەنیا بۆ مەبەستی کڕینی خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان بەکاردەهێنرێن، بە تایبەتی لە ئەمریکاوە، لەنێویشیاندا گەنمەشامی، گەنم و سۆیا لە جووتیارە مەزنە ئەمریکییەکان.
ترەمپ بە ئاماژەدان بەوەی ئەمانە ئەو شتانەن کە ئێران بە پەرۆشەوە پێویستی پێیانە نووسی: "من هەست دەکەم کە پێویستە یارمەتیدەر بین، ئێستا، پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت."
سەرۆکی ئەمریکا پۆستەکەی بە گەشبینییەوە کۆتایی پێهێنا و رایگەیاند: "گفتوگۆکان زۆر باش بەڕێوەدەچن."
هەر ئەمڕۆ سێشەممە ترەمپ لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەگەر ئێران پابەندی رێککەوتنەکە نەبێت یان "بەباشی رەفتار نەکات"، ئەوا بێگومان ئەو کارە دەکات کە پێویستە بیکات.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە هاتن، ئەمریکا و ئێران کۆتاییان بە گەڕێکی درێژی دانوستاندنە سەرەتاییەکان هێنا لە سویسرا، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە کۆتایی مانگی شوباتدا لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەستیپێکرد.
چەند کاژێرێک پێش قسەکانی ترەمپ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران "بناخەیەکی باشیان بۆ رێککەوتنی کۆتایی سەرکەوتوو" دروستکردووە.
ڤانس هەروەها رایگەیاند، تاران رازیبووە بەوەی پشکنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بچنە ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، دوای دانوستاندنەکان ، جارێکی دیکە کەشتییەکان دەستیان بە تێپەڕبوون بەنێو تەنگەی هورمزدا کردووەتەوە.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کیپلەر کە تایبەتە بە شیکاریی داتاکانی کەشتیوانی، لە کۆتایی هەفتەدا تێپەڕبوونی 71 کەشتی پشتڕاست کراوەتەوە، کە زۆرترین جووڵە لە رۆژی شەممەدا بووە و 35 کەشتی تێپەڕبوون. ئەمە لە کاتێکدایە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، رۆژانە 100 بۆ 130 کەشتی بەو تەنگەیەدا تێدەپەڕین.
.jpg&w=3840&q=75)


