رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین مانگ لە گوشاری زۆر لەسەری، کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رۆژی دووشەممە 22-06-2026 دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند. ئاندی بێنەم، سیاسەتڤانی دێرینی پارتی کار بە بەهێزترین بەربژێر دادەنرێ بۆ وەرگرتنی پۆستەکە و بوونە حەوتەمین سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە لە 10 ساڵدا.
ستامەر لەبەردەم نووسینگەی ژمارە 10ـی شەقامی داونینگ لە لەندەن [نووسینگەی سەرۆکوەزیران] دانی بەوەدا نا، دوای تەنیا دوو ساڵ لە دەسەڵات، پشتیوانیی پەرلەمانتارانی پارتی کاری لەدەستداوە.
ستامەر رایگەیاند، شا چارڵسی سێیەم، شای بەریتانیای لە بڕیارەکەی ئاگادار کردووەتەوە تاوەکو رێگە بۆ هەڵبژاردنی سەرکردەیەکی نوێی پارتی کار و سەرۆکوەزیرانێکی نوێ خۆش بێت.
ستامەر گوتی: "تاوەکو کۆتاییهێنان بە کێبڕکێکە وەک سەرۆکوەزیران لە پۆستەکەم دەمێنمەوە، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ مسۆگەرکردنی گواستنەوەیەکی رێکوپێکی دەسەڵات."
کاتێک سوپاسی ڤیکتۆریای هاوژینی و دوو منداڵەکەی کرد، ستامەر گریا و باوەشی بە هاوژینەکەیدا کرد.
ستامەر داوای لە لیژنەی بەڕێوەبردنی نیشتمانیی پارتی کار کرد خشتەی کاتی بۆ دیاریکردنی شوێنگرەوەکەی دابنێن، کە بڕیارە دەرگەی بەربژێرکردن لە 9ـی تەممووز بکرێتەوە و لە 16ـی تەممووز دابخرێ.
ئەگەر هیچ رکابەرێک نەبێت، ئاندی بێنەم رەنگە لە 17 یان 18ـی تەممووز ببێتە سەرۆکوەزیران، ئەمەش چەند رۆژێک پێش لووتکەی بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل لە 22ـی تەممووز.
ستامەر لە تەممووزی 2024ـدا بە سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر پارێزگاراندا پارتی کاری دوای 14 ساڵ لە ئۆپۆزیسیۆن گەڕاندەوە دەسەڵات.
سەرکردایەتیی ستامەر بە خێرایی تووشی پاشەکشەی سیاسەتە نێوخۆییەکان، ناڕەزایەتیی گشتی، دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرەکان و دۆسیەیەکی گەندەڵی بوو بەهۆی بڕیارێکی بۆ دامەزراندنی کەسێکی نزیک لە جێفری ئێپستین، تاوانباری سێکسیی کۆچکردووی ئەمریکی، وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە واشنتن.
دەسەڵاتی ستامەر دوای شکستی پارتی کار لە هەڵبژاردنە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی مانگی ئایاردا بە تەواوی لاواز بوو و داواکارییەکان بۆ شوێنگرتنەوەی لەلایەن ئاندی بێنەمەوە زیادیان کرد.
سەرۆکی شارەوانیی مانچستەر بەرەو داونینگ ستریت
پەرلەمانتارانی پارتی کار دواجار بڕیاریاندا، ستامەر ناتوانێت رووبەڕووی پارتی تووندڕۆی راستڕۆی دژە کۆچبەری چاکسازیی بەریتانیا بێتەوە کە پێشەنگی راپرسییە نیشتمانییەکانی گرتووە.
بێنەم، کە وەزیری پێشووی پارتی کار بووە لە سەردەمی تۆنی بلێر و گۆردن براون و لە ساڵی 2017ـەوە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مانچێستەرە، رۆژی دووشەممە بە شەمەندەفەر گەیشتە لەندەن. بێنەم پێشتر دووجار شکستی هێنابوو لە بوونە سەرکردەی پارتی کار.
ژمارەیەک یاسادانەری پارتی کار پشتڕاستیان کردەوە، دەستبەجێ پاڵپشتی لە بێنەم دەکەن بۆ ئەوەی رێگە لە دروستبوونی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی بگرن.
وێس ستریتینگ، وەزیری پێشووی تەندروستی رایگەیاند، ئەو پاڵپشتی لە بێنەم دەکات و دڵنیایە کە دەتوانێت "شەڕ دژی هێزەکانی نەتەوەپەرستی بباتەوە."
کاردانەوەکان و ئایندەی سیاسیی بەریتانیا
ئێد میلیباند، وەزیری وزەی بەریتانیا ستایشی "شکۆمەندیی مەزنی" ستامەری کرد، لە کاتێکدا ئۆرسولا ڤۆن دێر لایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند، ستامەر ئاسایشی ئەورووپا و ئۆکراینای "بەهێزتر" کردووە.
بێنەم داوای گواستنەوەیەکی "رێکوپێک و بەرپرسیارانە"ـی کرد و لە تۆڕی ئێکس نووسی: "من خۆم بۆ ئەم پرۆسەیە بەربژێر دەکەم."
نایجڵ فاراج، سەرکردەی پارتی ریفۆرم، بە خێرایی داوای هەڵبژاردنی گشتیی پێشوەختی کرد. بێنەم کە لە بازنەی هەڵبژاردنی مەیکەرفیڵد لە مانچێستەر پێشتر لە بەربژێری پارتی ریفۆرمی بردبووەوە، تاوەکو ئێستا زانیاریی کەمی لەبارەی پلانەکانی بۆ حکومەت ئاشکرا کردووە.
رۆژی سێشەممە دەیەمین ساڵیادی گشتپرسیی برێگزیتە لە ساڵی 2016 کە تێیدا بەریتانیا بڕیاری جیابوونەوەی لە یەکێتیی ئەورووپا دا.



