رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئەنترۆپیک، یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری ژیریی دەستکرد لە ئەمریکا رایگەیاند، رێگریی لە چەندین ئۆپەراسیۆنی چاودێری و سیخوڕی کردووە کە لەلایەن چەند وڵاتێکەوە لە رێگەی مۆدێلە پێشکەوتووەکانی ژیریی دەستکردەوە ئەنجام دراون؛ هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی حکومەتەکان ژیریی دەستکرد بۆ چاودێریکردنی کەمینە نەتەوەییەکان و نەیارانی دەسەڵات بەکاردەهێنن.
بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیاکە کە بارەگاکەی لە شاری سان فرانسیسکۆیە، لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو تەممووز، چەندین چالاکیی خراپ بەکارهێنانی مۆدێلی (کلاود) ئاشکرا کراون و راگیراون، کە سەرچاوەی سەرەکیی ئەو ئۆپەراسیۆنانە چین، ئێران و ناوچەی رۆژئاوای ئەفریقا بوون.
ئێران و چین بە ژیریی دەستکرد سیخوڕی دەکەن
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم هەڵمەتە هەواڵگرییانە ئەو دەستە و گرووپانەیان کردووەتە ئامانج کە لە مێژوودا لەلایەن ئەو حکومەتانەوە دژایەتی کراون؛ لەوانە کەسایەتییە داکۆکیکارەکانی دیموکراسی لە هۆنگ کۆنگ، کۆمەڵگەکانی تبت و فالوون گۆنگ لە ئاسیا، لەگەڵ کەمینەکان و نەیارانی دەسەڵاتی ئێران لە تاراوگە.
لە یەکێک لە نموونەکاندا، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئێران شێوازێکی نوێیان پەرەپێداوە بۆ ئەوەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناسنامەی کەسەکان دەستنیشان بکەن؛ هاوکات لە وڵاتی مالی بەڵێندەرێکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی سیستەمی کلاودی بەکارهێناوە بۆ داڕشتنی نەرمەواڵەیەکی تایبەت بە کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری.
دزینی تەکنەلۆژیا و مەترسیی چەکی بایۆلۆژی
جگە لە سیخوڕیکردن، ئەنترۆپیک چەندین هەوڵی دیکەی راگرتووە کە ئامانجیان دروستکردنی چەک، ساختەکاری و ئەنجامدانی توێژینەوەی بایۆلۆژی مەترسیدار بووە؛ لەوانە توێژینەوە لەسەر ڤایرۆسە مەترسیدارەکانی وەک ئەنفلۆنزای باڵندەی کوشندە، ئاوڵە، ژەهری جۆراوجۆر و ڤایرۆسی چیکۆنگوونیا.
کۆمپانیاکە هەروەها پەرەپێدەرانی چینی تۆمەتبار کردووە بەوەی بە نهێنی مۆدێلی کلاودیان بۆ بەهێزکردنی مۆدێلەکانی خۆیان بەکارهێناوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەردوو کۆمپانیای چینی (موونشۆت) و (دیپسیک) لە رێگەی تۆڕێکی فراوانی هەژماری ساختەوە لە سەنگاپوور و ژاپۆن، بە سەدان هەزار داواکاریی بەکارهێنەرانیان ئاراستەی کلاود کردووە تاوەکو مۆدێلەکانی خۆیانی پێ رابهێنن، بەمەش زانیاریی هەستیاری بەکارهێنەرانیان خستووەتە مەترسییەوە.
کۆمپانیای ئەنترۆپیک هۆشداری دەدات کە ئەگەر رێکاری تووند بۆ چاودێریکردنی سیستەمەکانی ژیریی دەستکرد نەگیرێتەبەر، رژێمە دەسەڵاتخوازەکان ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە وەکو چەکێکی کاریگەر بۆ بێدەنگکردن و سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکانیان بەکاردەهێنن.



