رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا، مشتومڕێکی گەرم لەسەر سنووردارکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ گەنجان و منداڵان دەستیپێکردووە، پەرلەمانتاران و شارەزایان هۆشداری لە کاریگەرییە خراپەکانی سەر تەندروستیی دەروونی و جەستەیی گەنجان دەدەن و داوای گۆڕینی یاساکان دەکەن.
تەلەفۆنە زیرەکەکان ئێستا لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی خۆیان تێپەڕیوون، تەنیا بۆ پەیوەندی نین، بەڵکو بوونەتە کۆگای کامێرا، موزیک و دەیان پلاتفۆرمی سۆشیالمیدیا کە کاریگەری قووڵیان لەسەر ژیانی رۆژانەی نەوەی نوێ هەبووە.
لینا رۆسکامپ، بەرپرسی رێکخراوی گەنجانی پارتی سەوزی ئەڵمانیا لە هەرێمی نۆڕدراین ڤێستفالن، خۆی لە تەمەنی 14 ساڵییەوە هاتووەتە نێو جیهانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان رای جیاوازە. ئەو دەڵێت: "جێگەی نیگەرانییە دەبینین گەنجان و منداڵان لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەرەو تووندرەوی دەچن، بەڵام چارەسەر تەنیا سنووردارکردن نییە."
رۆسکامپ پێیوایە دەبێت فشارەکان بخرێنە سەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا بۆ ئەوەی یاساکانی پەرلەمانی ئەورووپا جێبەجێ بکەن و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ بکرێت، تاوەکو ژینگەیەکی ئارامتر بۆ گەنجان دابین بکەن.
لە نێو پەرلەمانی ئەڵمانیادا، پێشنیازی جیاواز بۆ دیاریکردنی تەمەن هەیە. ئەندریا شتولیش، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی نۆڕدراین ڤێستفالن لە پارتی یەکێتیی کرستیان دیموکرات، پێشنیاز دەکات، منداڵانی خوار 14 ساڵ نابێت تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن. گەنجانی تەمەن 14 بۆ 16 ساڵ بە پێوەرێکی تایبەت و پارێزراو کار بکەن کە نەبێتە هۆی ئاڵودەبوون. لە تەمەنی 16 ساڵییەوە رێگەیان پێبدرێت بە تەواوی دەستیان بە پلاتفۆرمەکان بگات.
شتولیش دەڵێت: "کێشەکە گەنجان نین، بەڵکو ئەو مۆدێلە بازرگانییانەن کە لە پشت پلاتفۆرمەکانەوەن و ئاڵودەبوون دروست دەکەن."
مەترسییەکان لەسەر گەشەی مێشک
رۆدیۆن باکوم، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی و پەرلەمانتار لە پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا، لە روانگەیەکی زانستییەوە سەیری بابەتەکە دەکات. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەمەنی خوار 14 ساڵ قۆناغێکی هەستیارە بۆ گەشەی مێشک.
باکوم دەڵێت: "پێویستە رێسا هەبن بۆ قەدەخەکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ خوار 14 ساڵ و سەلماندنی ناسنامە (ID) بکرێتە مەرج. لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن بەکارهێنانی زۆری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەو تەمەنەدا دەبێتە هۆی کێشەی دەروونی و تێکچوونی گەشەی مێشک."
بەگوێرەی راپۆرتێکی نوێی یەکێتیی ئەورووپا، گەنجان وێنەیەکی هەڵەیان لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەیە. سەدا 48ی گەنجانی تەمەن 13 بۆ 18 ساڵ پێیان وایە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کاریگەریی ئەرێنی لەسەریان هەیە، بەڵام لە راستیدا دەرئەنجامەکان پێچەوانەن. بەکارهێنانی بەردەوام بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی سەرئێشە، چاوئێشان و کێشەی نەمانی تەرکیز لە نێوان نەوەی نوێدا.

