رووداو دیجیتاڵ
فیلمی سینەمایی (بەهەشت نابینی، ئەگەر ژن بتکوژێ) لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، بەرهەمێکی درامی و ئاکشنە، کە رووداوەکانی لە سەردەمی جەنگی دژی داعش و بە پلەی یەکەم لە شاری موسڵدا تۆمارکراون.
چیرۆکی فیلمەکە کەسایەتیی (ڤیان) پیشان دەدات؛ نیشانەشکێنێکی پێشمەرگەی کورد کە دوای ئاگاداربوونەوە لە ئەگەری ئەوە خوشکە بچووکەکەی بەناوی هێلین لە ژیاندا مابێت (کە پێشتر گوترابوو لە هێرشەکەی ساڵی 2014ی داعشدا کوژراوە)، دەگەڕێتەوە بۆ شاری موسڵ.
ئەکتەر ئاڤان جەمال رۆڵی ڤیان دەگێڕێت، کە تێیدا لێهاتوویی سەربازی و ویستی بەهێزی لەگەڵ سووربوون لەسەر رزگارکردنی خوشکەکەی تێکەڵ دەکات.
ئەم فیلمە لە ئەزموونی راستەقینەی ژنانی چەکداری کورد وەرگرتووە، لە 83یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس نمایشکرا و کاردانەوە و رەخنەی بەرفراوانی رەخنەگرانی جیهانیی لێکەوتەوە.
یان لومهۆڵدت: فیلمێکی ئاکشنی کاریگەر بە ناوەڕۆکێکی مرۆڤدۆستانەوە
یان لومهۆڵدت، رەخنەگرێکی سوێدییە لە ماڵپەڕی فیلم یو فۆریا دەقێکی لەسەر فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا نووسیووە و دەڵێت، "فیلمەکە وەک تێکەڵەیەکی بەهێزە لە سینەمای ئاکشن، بەرخۆدانی کورد و گێڕانەوەی مرۆڤدۆستانە".
ئەو لە نووسینەکەیدا ئاماژە بە پێگەی ژنان لە ناو هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، کە لە سەردەمی شەڕی دژی داعش رۆڵی بەرچاویان هەبوو.
لومهۆڵدت پێیوایە، لێهاتوویی کەسایەتیی ڤیان لەوەدایە کە لە یەک کاتدا "شەڕکەرێکی لێهاتوو و ژنێکە بەدەست خەمی کەسییەوە ئازار دەچێژێت، هەروەها هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی هێلین ئامانجێکی قووڵی سۆزداری دەبەخشێتە رووداوە ئاکشنەکان".
رەخنەگرەکە ستایشی رۆڵگێڕانی ئاڤان جەمال دەکات و جووڵەکانی بە کۆنتڕۆڵکراو، مەترسیدار و نێچیرگرانە وەسف دەکات، کە لێهاتووییە سەربازییەکانی هاوسەنگن لەگەڵ کاریگەرییە دەروونییەکانی جەنگ.
لومهۆڵدت ئاماژە بە کاریگەرییە دەرەکییەکانی فیلمەکەش دەکات، وەک شێوازی سەركێشیی لارا کرۆفت و سینەمای تۆڵەسەندنەوە لە ساڵانی 1970، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر ناسنامەی بەهێزی کوردی لە فیلمەکەدا دەکاتەوە.
مێریدیس تایلەر: فیلمێکە تۆڵەسەندنەوە پیشان دەدات
مێریدیس تایلەر، رەخنەگر و رۆژنامەڤانێکی بەریتانییە و لە نووسینێکدا لە ماڵپەڕی (فیلم یو فۆریا) دەڵێت، "ناونیشانە سەرنجڕاکێشەکەی فیلمەکە یەکسەر ئارەزووی دەرهێنەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆژیای داعش بەرامبەر ژنانی چەکدار دەردەخات".
تایلەر، تەنیا وەک پاڵەوانێکی ئاکشن سەیری ڤیان ناكات، بەڵکو وەک رزگاربوویەک پشانی دەدات کە کاریگەریی سەربازی و جەنگی لەسەرە؛ لەبەر ئەوە، گەڕانەوەی بۆ موسڵ و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن رووبەڕووبوونەوەی ئەو یادەوەرییانەیە کە هەوڵی داوە بیانشارێتەوە.
تایلەر ستایشی ئاڵۆزیی توانای کەسایەتیی ڤیان دەکات، چونکە ئاڤان جەمال دەبێت رۆڵی کەسێک بگێڕێت کە لە توانایدایە تووندوتیژیی رەها بەکاربهێنێت لە کاتێکدا لاوازیی سۆزداریی خۆی دەپارێزێت؛ هەروەها ئاماژە بە بنەما مێژووییەکانی داستانەکە دەکات، بەتایبەت دیداری دەرهێنەر لەگەڵ ئەو ژنانەی شەڕی داعشیان کردووە و کاریگەریی ئەزموونی نادیە موراد لە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا.
بە بڕوای تایلەر، "گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردم فیلمەکەدا دوورکەوتنەوە بوو لە سادەکردنەوەی رووداوەکان، چونکە چیرۆکێک لەبارەی ژنێک کە چەکدارانی داعش دەکوژێت دەکرا بە ئاسانی ببێتە خەیاڵپڵاوییەکی ئاسایی تۆڵەسەندنەوە، بەڵام پرسە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە گرنگی بە کاریگەری دەروونیی جەنگ و تووندوتیژی دەدات".
نیکیل ئاکیل: بەرخۆدانی ژنانی کورد پرسێکی سەرەکییە
نیکل ئاکیل، رۆژنامەڤان و رەخنەگرێکی هونەری مالیزیییە. ئاکیل فیلمەکە وەک رێزلێنانێک لە هێز، شکۆ و خۆڕاگریی ژنانی کورد دەبینێت.
ئەو رەخنەگرە، ڤیان وەک جەنگاوەرێکی بەهێز دەبینێت کە قەناسەکەی هێمایە بۆ شتێک زیاتر لە توانای سەربازی، ئەوانیش "ئامانج، سەربەخۆیی و بەرخۆدان"ن.
ئاکیل پێیوایە هەڵکەوت مستەفا بە مەبەست ژنێکی کوردی کردووەتە کەسی دیاری پێشمەرگە کە لە مێژوودا زۆرینەیان پیاو بوون.
یەکێک لە رەخنەکانی ئاکیل پەیوەندی بە ژیان و دۆخی راستەقینەی بەشداربووان لە فیلمەکەدا هەیە؛ وێنەگرتن لە ناو موسڵدا راستگۆییەکی بە بەرهەمەکە بەخشیووە کە نەیاندەتوانی لە ستۆدیۆدا بە دروستی پیشانی بدەن.
هەروەها ئاکیل ستایشی پێکهاتەی سیناریۆکە دەکات و یاریی دەیچووێنێت، چونکە فیلمەکە چاودێریی بێدەنگ و مەترسیی بێئاگایی پیشان دەدات و بینەر لە ئەزموونی ڤیان نزیک دەکاتەوە؛ هەروەها کاریگەریی فیلمەکانی وەک 1917 پیشان دەدات، بەتایبەت لە پەیوەندی نێوان جووڵە، چاوەڕوانی و گرژی.
مارسیۆ سالێم، رەخنەگر و هونەرمەندێکی بەڕازیلییە. هونەرمەندەکە لە ماڵپەڕی (سینەما کۆم کریتیکا) راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "یەکێک لە رەخنەگرە تووندەکانی سەر فیلمەکەم" بەڵام ستایشی کۆنتڕۆڵی هەڵکەوت مستەفا دەکات بەسەر چاوەڕوانی و گرژیدا، بەتایبەت تێگەیشتنی دەرهێنەر بۆ ئەو ئارامگرییەی لە نیشانەشکێنیکدا پێویستە.
سالێم دەڵێت، هەڵکەوت مستەفا لەبری ئەوەی هەموو دیمەنێک بکاتە نمایشێکی بەردەوام، زۆرجار بینەر لەگەڵ ڤیاندا لە چاوەڕوانی دەهێڵێتەوە، کە تێیدا بێدەنگی، چاوەڕوانی و دەنگەکان دەبنە سەرچاوەی گرژی.
سالێم، شاری موسڵ بە بەشێکی سەرەکی لە کاریگەریی فیلمەکە دەزانێت، چونکە وێرانەی شارەکە دەبێتە رەنگدانەوەی بارودۆخی دەروونیی ڤیان؛ ئەو رزگاری بووە، بەڵام لە ناوەوە بە وێرانی ماوەتەوە.
دۆمینیک لاڤیۆلا: فیلمێکی جەنگیی سەرنجڕاکێشە
دۆمینیک لاڤیۆلا، رۆژنامەڤانێکی هونەری فەرەنسی-ئەمریکییە و لە ماڵپەڕی (فۆ تایم فیلم سکوڵ) نووسینێکی لەسەر فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا بڵاوکردووەتەوە.
لاڤوێلا، پێنج ئەستێرە (بەرزترین نمرە) دەداتە فیلمەکە و وەک باشترین فیلمی جەنگی لە دوای "Saving Private Ryan" وەسفی دەکات؛ ستایشەکانی جەخت لەسەر هاوسەنگیی نێوان جەنگی گەورە و درامای کەسایەتییەکان دەکەنەوە.
رۆژنامەڤانەکە، ڤیان وەک نیشانەشکێنێکی لێهاتوو پیشان دەدات، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە وەک پاڵەوانێکی خەیاڵیی و نەبەزێنراو پیشاننەدراوە، بەڵکو وا پیشاندراوە کە گەورەترین هێزی بریتییە لە ئارامگری، پاراستنی نهێنی و خۆڕاگری.
لاڤیۆلا سەرسامیی خۆی بەرامبەر شێوازی تێکەڵکردنی دوو گێڕانەوە لەلایەن دەرهێنەرەوە پیشان دەدات، "ئەرکە سەربازییەکە و چیرۆکی خێزانیی ڤیان، گەڕانەوەی بۆ هێلین واتای سۆزداری دەبەخشێتە ئاکشنەکە، لە کاتێکدا رابردوو وەکو زەبری دەروونیی تووند پیشاندەدات. ئەمەش رێگە بە بینەر دەدات تێبگات چۆن ڤیان بووەتە ئەم سەربازەی ئێستا."
ئێدین کوستۆ: وەرگرتنەوەی پێشەنگی فیلمی ئاکشن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رێگەی ژنێکی کوردەوە
ئێدین کوستۆ کە هونەرمەند و رەخنەگرێکی بەریتانییە لە ماڵپەڕی ئای فۆر فیلم بابەتێکی لەسەر فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا بڵاوکردووەتەوە.
کوستۆ فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا بە گەورەترین وێنەکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە رێگەی فیلمێکەوە وەسف دەکات و دەڵێت، هۆڵیود زۆرجار روانگەی ناوچەکەی لە رێگەی سەربازی پیاوی ئەمریکییەوە پێشانداوە، بەڵام دەرهێنەر ئەم مۆدێلە پێچەوانە دەکاتەوە بە دانانی ژنێکی کورد لە ناوەندەکەدا کە پەیوەندیی لەگەڵ جەنگدا لەسەر ئایدۆلۆژیا یان نیشتمانپەروەری بونیاد نەنراوە، بەڵکو لەسەر پێویستییە.
کوستۆ سەیری ڤیان دەکات وەک بەشێک لە گۆڕانکاریی گرنگی فیلمەکە؛ ئەو پەنابەرێکە لە نەرویج گەورە بووە و لە کۆتاییدا بەرەو ئەو شەڕە دەچێت کە خێزانەکەی هەوڵیانداوە لێی رزگار ببن.
کوستۆ ئاماژە بەوە دەکات دەرهێنەر خۆی لە نیشاندانی روونی هەندێک تاوان دوورخستووەتەوە و رێگەی بە دەنگ و پێشنیازەکان داوە دیمەنی تۆقێنەر پیشان بدەن، کە ئەمەش هێزێکی دەروونی بە توندوتیژییەکە دەبەخشێت.
ئیلاریا فالکۆنی: وێنەیەکی ڕاستەقینەی جەنگ و بەرخۆدانی ژنانە
ئیلاریا فالکۆنی، رۆژنامەڤانێکی ئیتاڵییە و لە ماڵپەڕی نۆن سۆلۆ سینەمای وڵاتەکەی گوتارێکی لەسر فیلمەکەی هەڵکەوت مستەفا بڵاوکردووەتەوە.
فالکۆنی دەڵێت، قسەکردنی دەرهێنەر لەگەڵ ئەو ژنانەی لە ناو پێشمەرگەدا خزمەتیان دەکرد، لەگەڵ ئەزموونی نادیە موراد، یارمەتیدەر بوون لە داڕشتنی فیلمەکە؛ لەبەر ئەوە فیلمەکە وەک شتێک زیاتر لە خەیاڵە: ئەمە دانپێدانانە بەوانەی بەرەنگاری داعش بوونەتەوە.
رۆژنامەڤانەکە چیرۆکی ڤیان وەک جووڵەیەک لە نێوان رابردوو و ئێستادا وەسف دەکات؛ رابردووی تێکچوونی دۆخی خێزانەکەی دەرخەن، لە کاتێکدا دۆخی هەنووکەیی دەیگەڕێنێتەوە بۆ موسڵ. فالکۆنی بەتایبەتی ستایشی ئاڤان جەمال دەکات بۆ گەیاندنی ئازار و بێئومێدی لە ژێر روخسارە کۆنتڕۆڵکراوەکەی ڤیاندا.
هۆگۆ ئێمرزێل: پێچەوانەکردنەوەیەکی بەهێزی نەرێنی لە فیلمی ئاکشندا
هۆگۆ ئێمرزێل هونەرمەندێکی هۆڵەندییە و لە ماڵپەڕی لیتڵ وایت لایزی بەریتانی دەنووسێت، فیلمەکە سەرنجڕاکێشە؛ دەستپێکی فیلمەکە، کە تێیدا کامێراکە لە ناو دیوارێکی زیانپێکەوتووەوە دەجووڵێت پێش ئەوەی دیمەنی ڤیان بدۆزێتەوە، یەکسەر زمانێکی بینراو دروست دەکات کە لە دەوری چاودێری، شاراوەیی و مەترسیدا بونیاد نراوە.
ئێمرزێل ستایشی بڕیاری وێنەگرتن لە موسڵ دەکات، چونکە وێرانەی شارەکە بڕواپێکراویی بەڵگەنامەیی بە فیلمەکە دەبەخشێت و وادەکات ئاکشنەکە لە ناو دیمەنێکی مێژوویی راستەقینەدا جێگیر بێت. کاری وێنەگریی جۆن-ئێرلینگ هۆڵمێنێس فرێدریکسن رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە سەرسامبوونی رەخنەگرەکە بە فیلمەکە.
ئاڤان جەمال ستایشی هاوشێوە وەردەگرێت؛ ئێمرزێل رۆڵگێڕانەکەی بە جەستەیی و لە رووی سۆزدارییەوە وێرانکەر دەبینێت. چەکەکانی و جووڵەکانی زمانی پاڵەوانێکی ئاکشن دروست دەکەن، بەڵام فیلمەکە ئەو توانایانە دەبەستێتەوە بە مێژووی کەسیی خۆیەوە.
رەخنەگرەکە فیلمەکە وەک راستکردنەوەیەکی گرنگ بۆ فیلمە جەنگییەکانی پێشووی ڕرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت، چونکە لە شوێنی شوێنکەوتنی سەربازە ئەمریکییەکان، دەرهێنەر دەسەڵاتی گێڕانەوە دەداتە ژنێکی کورد. چیرۆکی ڤیان و هێلین ئەزموونی رفاندن و بە کۆیلەکردنی سێکسیی ئێزدییەکان دەهێنێتە ناو پێکهاتەی سۆزداریی فیلمەکەوە.
سارە شاقات: وێنەگری وەک ئامرازێک بۆ چوونه ناو جیهانێکی جەنگاوەر
بابەتەکەی سارە شاقات کە نووسەرێکی ئەمریکییە جیاوازە لەوانەی دیکە، چونکە بە پلەی یەکەم رەخنە نییە لەسەر فیلمەکە، بەڵکو بەشێکە لە راپرسیی گەورەتری ماڵپەڕی ئیند وایەر کە بابەتەکەی تێدا بڵاوکردووەتەوە؛ راپرسییەکە بۆ ئەو وێنەگرانەی فیلمەکانیان لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنیسی 2026دا دەرکەوتوون.
شاقات بابەتەکە هەڵدەسەنگێنێت بۆ ئەوەی پشانی بدات کە چۆن هونەرمەندان زمانی بینراویان بۆ پڕۆژە جیاوازەکانیان پێشخستووە.
لە ناو ئەم دۆخەدا، گرنگیی فیلمەکە لە کاری وێنەگریی پشت پیشاندانی موسڵ و ئەزموونی ڤیاندا بەدی دەکرێت. ناسنامەی بینراوی فیلمەکە بەتایبەتی گرنگە چونکە چیرۆکەکە بە توندی پشتی بە پەیوەندیی پاڵەوانەکە لەگەڵ ژینگەکەی بەستووە؛ نیشانەشکێنێک دەبێت چاودێری بکات، بشارێتەوە، چاوەڕێ بکات و ئەژمار بکات، کە ئەمەش کامێراکە دەکاتە بەشێکی سەرەکی لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا.
ئاورۆرا کاڤانیینی: ژنانی کورد، ئازادی و واتای زیندومانەوە
ئاورۆرا کاڤانیینی نوسەرێکی ئیتاڵییە و لە ماڵەپڕێکی وڵاتەکەیدا بە ناوی ئێن پی سی مەگەزن نووسیویەتی، بڕیار دەدات فیلمەکە لە رێگەی بابەتەکانی ئازادی، بەرخۆدانی کورد و ئەزموونی ژنان لە سەردەمی شەڕی دژی داعشدا بخوێنێتەوە. ئەو ڤیان وەک نیشانەشکێنێکی پێشمەرگە پیشان دەدات کە ئەرکە کەسییەکەی بۆ رزگارکردنی هێلین لە تێکشکانی خێزانەکەیەوە دەستپێدەکات.
رەخنەکەی نووسەر زەمینەیەکی مێژوویی قووڵ دابین دەکات و روونکردنەوە دەدات لەسەر ناڕەحەتییە سیاسییەکانی عێراق و سەرهەڵدانی داعش؛ داگیرکردنی موسڵ و چەوساندنەوەی کورد، ئێزدی و تورکمانەکان ئەو پاشخانە دروست دەکەن کە چیرۆکی ڤیان تێیدا گەشە دەکات.
کاڤانیینی بەتایبەتی جەخت لەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و کۆیلەکردنی ژنان دەکاتەوە وەک توخمێکی سەرەکی لە واتای مێژووییی فیلمەکەدا.
گێر کامسڤاگ؛ ستایشی نێودەوڵەتی بۆ بەرهەمێکی بەهێزی کوردی بەرز دەنرخێنێت
گێر کامسڤاگ، هونەرمەند و رەخنەگری هونەری نەرویجی لە ماڵپەڕی سینەمای وڵاتەکەیدا ئاماژە بە زۆری وزە و شێوازی کۆنترۆڵکردنی جوڵەکانی ئاڤان دەدات؛ ئاڤان لە یەک کاتدا پاڵەوانێکی ئاکشن و ژنێکی کاریگەرە و ئەم تێکەڵەیە وەک یەکێک لە سەرکەوتووترین توخمەکانی فیلمەکە دەردەکەوێت.
بە بڕوای نووسەر، دەرهێنەر بابەتی جدی دەربارەی بەرخۆدانی کورد، داعش و ئازار تێکەڵ دەکات لەگەڵ بنەما نەریتییەکانی سینەمای ئاکشن. ئاماژەدانی کامسڤاگ بە لارا کرۆفت و فیلمەکانی تۆڵەسەندنەوەی ساڵانی 1970 نیشانی دەدات چۆن فیلمەکە ئاگادارانە ئیش لە ناو نەریتە ناسراوەکاندا دەکات لە کاتێکدا پاڵەوانێکی جیاوازیان پێدەبەخشێت.
نووسەر وێنەگرتن لە موسڵ دیسانەوە وەک دەستکەوتێکی گەورە پیشان دەدات. ئەو وێرانبوونی شارەکە و دۆخەکەی بە هۆکاری گۆڕانی بیری ڤیان وەسفدەکات. هەروەها کامسڤاگ ئاماژە بە گرنگیی فیلمەکە دەکات وەک نوێنەری عێراق بۆ خەڵاتی ئۆسکاری 99یەمین، کە نمایشکردنی لە ڤێنیس دەیخاتە نێو هەڵمەتێکی گەورەی نێودەوڵەتی.


